ترەمپ هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی ئێران دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی توند لە ئێران کرد و رایگەیاند، لە قۆناخی داهاتووی جەنگەکەدا پردەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەبنە ئامانجی سەرەکی هێرشەکانی وڵاتەکەی.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "سۆشیاڵ پۆست" نووسیویەتی، "سوپاکەمان کە بەهێزترین و مەزنترینە لە جیهاندا، هێشتا دەستی بە وێرانکردنی ئەوە نەکردووە کە لە ئێران ماوەتەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، تێکدانی پردەکان هەنگاوی داهاتوویان دەبێت و دواتریش نۆرەی وێستگەکانی کارەبا دێت، ترەمپ هۆشداری دابوو ئەگەر تاران رێککەوتن نەکات، وڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی بەردین.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران رایگەیاند، پردێکی سەرەکی لە شاری کەرەجی رۆژئاوای تاران بۆردومانکراوە، سەرۆکی ئەمریکا دواتر ستایشی ئەو هێرشەی کرد و گوتی: "گەورەترین پرد لە ئێران داڕما و چیتر بەکار نایەتەوە، چاوەڕوانی زیاتریش بن."
سەرەڕای هەڕەشەکان، ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، دەکرێت لەگەڵ سەرکردایەتییە نوێیەکەی ئێراندا بگەنە ئەنجام، چونکە بە گوتەی ئەو "ئەم سەرکردایەتییە کەمتر توندڕەون و زۆر عاقڵانەترن لەوانی پێشوو"، ترەمپ جەختی کردەوە، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئێران تا رێککەوتن بکات پێش ئەوەی کاتەکە بەسەربچێت و هیچ شتێک لەو وڵاتە نەمێنێتەوە.