کەشتی فڕۆکەهەڵگری جیڕاڵد فۆرد دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەرکە سەربازییەکانی
فەرماندەیی کەشتیگەلی شەشەمی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا رایگەیاند، کەشتی فڕۆکەهەڵگر "جێراڵد فۆرد" دوای تەواوبوونی کارەکانی چاککردنەوە، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە مەیدانی و جەنگییەکانی.
هەینی 3ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرماندەیی کەشتیگەلی شەشەمی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا، کەشتی فڕۆکەهەڵگری "جێڕالد فۆرد" پێشتر لە بەندەری سپلیت لە وڵاتی کرواتیا لەنگەری گرتبوو بەڵام دوای ئەوەی لە دوورگەی کریت هەندێک پرۆسەی چاککردنەوەی بۆ ئەنجامدرا ئێستا ئامادەیە و دەگەڕێتەوە سەر ئەرکە مەیدانیی و جەنگییەکان.
لە راگەیەندراوەکەی کەشتیگەلی شەشەمدا هاتووە: "جێراڵد فۆرد کە گەورەترین کەشتی فڕۆکەهەڵگری جیهانە، رۆژی 2ـی نیسان بەندەری سپلیتی لە کرواتیا بەجێهێشتووە دوای مانەوەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ، ئێستا کەشتییەکە لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی ئەرکە جەنگییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا لە هەر ناوچەیەکی ئۆپەراسیۆنەکاندا."
ئەم کەشتییە جەنگییە کە لە ماوەی رابردوودا لە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشدار بووە، ناوبەناو لە راپۆرتە هەواڵییەکاندا بەهۆی هەبوونی هەندێک کێشەی تەکنیکی لەسەر پشتی کەشتییەکە ئاماژەی پێ دەکرێت.
لەو چوارچێوەیەدا، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو ئاگرێک لە ژووری جلشۆری ناو کەشتییەکە کەوتووەتەوە و تیمەکانی سەر کەشتییەکە زیاتر لە 30 کاتژمێریان پێچووە تا توانیویانە کۆنترۆڵی بکەن، هەروەها رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە کۆتایی مانگی شوباتدا راپۆرتێکی لەسەر پەککەوتنی سیستەمی ئاوەڕۆی ناو ئەم کەشتی فڕۆکەهەڵگرە بڵاوکردبووەوە.
بە گوێرەی نوێترین زانیارییەکان کەشتی فڕۆکەهەڵگری "جیڕاڵد فۆرد" ئێستا کاری چاککردنەوەی تەواو بووە و بەمزیکانە دەگەڕێتەوە سەر ئەرکە جەنگییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.