ئیسرائیل: جەنگی ئێران زیاتر لە دوو هەفتەی دیکە بەردەام دەبێت

دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، بە گوێرەی خەمڵاندنی بەرپرسانی ئیسرائیلی، پێشبینی دەکرێت جەنگ لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەی دیکە بەردەوام بێت.

 هەینی 3ـی نیسانی 2026، دەستەی پەخشی ئیسرائیل رایگەیاند، بەگوێرەی خەمڵاندنی بەرپرسانی ئیسرائیل، بە ئەگەرێکی زۆرەوە جەنگ دژی ئێران دوو هەفتەی دیکەش بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئامانجانەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەستنیشان کراون، پێویستیان بە رەزامەندیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەیە، ئەمەش وادەکات کارەکانی دوابکەون و کاتی زیاتری پێویست بێت بۆ جێبەجێکردنی. 

لەم بارەیەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، هێرشی بەرفراوان دەکەنە سەر تاران، دوای ئەوە ئاژانسی فارسی ئێرانی رایگەیاند، لە ئاسمانی تاران دەنگی فڕۆکەی جەنگی دەبیسترێت و سیستەمی بەرگی تاران بۆ رێگری کردن لە هێرشی فڕۆکەی جەنگی و مووشەک چالاک کراوە، راشیگەیاند، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی گەورەش بیستراوە. 

ئەم هێرشانەی ئیسرائیل و ئەمریکا دوای ئەوە دێت، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" رایگەیاند، هەوڵەکانی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتووەتە بنبەست، نێوەندگیرەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هەوڵەکانی وڵاتانی ناوچەکە بە سەرۆکایەتی پاکستان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست شکستی هێناوە.

هاوکات لە بارەی دانوستان و راگەیاندنی ئاگربەستەوە، ئێران بە فەرمی بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە، حکوومەتی تاران ئامادە نییە لە رۆژانی داهاتوودا لە "ئیسلام ئاباد" چاوی بە بەرپرسانی ئەمریکی بکەوێت و داواکارییەکانی ئەمریکای بە "قبوڵنەکراو" وەسف کردووە.

لە لایەکی دیکەوە بۆ راگرتنی جەنگ و تەشەنەنەسەندی زیاتری ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، تورکیا و میسر هێشتا لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک و پێشنیاریان کردووە گفتگۆیەکان بگوازرێنەوە بۆ دەوحە یان ئەستەنبوڵ.

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاندبوو، ئێران داوای ئاگربەستی کردووە، بەڵام ئێران ئەمەی رەت کردەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە تەنیا لە حاڵەتێکدا ئامادەیە بۆ ئاگربەست کە ئێران "گەرووی هورمز" واڵا بکاتەوە.