ترەمپ: ئاشکرای ناکەم کاردانەوەم چی دەبێت ئەگەر فڕۆکەوانەکەمان ئازار بدرێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جارێ پلانی وڵاتەکەی ئاشکرا ناکات سەبارەت بە هەر ئەگەرێکی زیانگەیاندن بەو فڕۆکەوانە ئەمریکییەی کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بێسەروشوێن بووە.

هەینی 3ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی "ئیندیپێندێنت"، ترەمپ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا جەختی کردووەتەوە، جارێ ئامادە نییە بۆ راگەیاندنی جۆری پەرچەکردار یان ئەو هەنگاوانەی واشنتن دەیانگرێتە بەر لە ئەگەری ئازاردان یان زیانگەیاندن بەو فڕۆکەوانەی کە فڕۆکەکەی تێشکاوە.

لەم بارەیەوە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم جۆرە لێدوانانە وەک جۆرێک لە فشار و هێشتنەوەی هەموو بژاردەکان لەسەر مێز لێکدەدرێتەوە، تاوەکوو ئەو کاتەی زانیاری ورد لەسەر چارەنووسی فڕۆکەوانەکان ئاشکرا دەبێت.

ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، هێزە ئەمریکییەکان یەکێک لە سەختترین رۆژەکانیان لە جەنگی ئێراندا بەڕێ دەکەن، چونکە تەنیا ئەمڕۆ سێ فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەریان تێکشکاوە یان پێکراون، هاوکات هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان لە ناو خاکی ئێران و لە ژێر ئاگری توندی سیستەمە بەرگرییەکاندا، ئاستی ئاڵۆزی و مەترسییەکانی ئەم جەنگە نیشان دەدات کە چووەتە قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ و مەیدانی.