رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە هێرشکردنە سەر کەرتی تەندروستی ئێران دەدات
رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) هۆشداریی دا لەبارەی ئەنجامدانی چەند هێرشێک بۆ سەر کەرتی تەندروستی لە ئێران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، رێکخراوەکە نیگەرانی خۆی دەربڕی بۆ ئەو زیانە گەورانەی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانییەوە بەر پەیمانگای پاستۆر لە تاران کەوتووە.
شەممە 4ـی نیسانی 2026، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" رایگەیاند: هێرشکردنە سەر کەرتی تەندروستی ئێران لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە کاتێکدایە، ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەیشتوونەتە لوتکە، ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە، پەیمانگای پاستۆر لە ئێستادا توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەماوە و لەکار کەوتووە.
پەیمانگای پاستۆر لە تاران لە ساڵی 1920 دامەزراوە، یەکێکە لە کۆنترین و گرنگترین ناوەندەکانی توێژینەوە و تەندروستی گشتی لە ئێران، ئەم ناوەندە رۆڵێکی ستراتیژی و سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستنی تەندروستی کۆمەڵگە و رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکان و بارودۆخە فریاگوزارییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، پەیمانگای پاستۆر لە پاریس هاوسۆزی خۆی دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ ئەو توێژەر، خوێندکار و کارمەندانە خواست بەهۆی ئەو هێرشانەوە برینداربوون.