رووسیا: ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵەیەکی گەورەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد

سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی رووسیا رایگەیاند، ئیسرائیل و ئەمریکا هەڵەیەکی جیۆپۆلەتیکی گەورەیان ئەنجامداوە بە گڕدانی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ شەممە، 4ـی نیسانی 2026، ڤالێنتینا ماتڤیێنکۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی رووسیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمریکا پێیوابوو ئەوەی لە ڤەنزوێلا کردی دەتوانێت هەمان سیناریۆ لە ئێراندا دووبارە بکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەڵەیەکی گەورەیان کردووە و لەم رووەوە حیساباتی هەڵەیان کردووە."

سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی رووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، واشنتن و تەلئەڤیڤ بوونە هۆی تەقینەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەمەش جیهانیان تووشی قەیرانێکی توندی وزە کردووە.

ڤالێنتینا ماتڤیێنکۆ گوتیشی: زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئێستا درکیان بەوە کردووە کە تاکە رێگەی گەرەنتیکراو بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و پاراستنی ئاسایشی خۆیان، هەڵگرتنی چەکی ئەتۆمییە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو لە زیادبوون دەکەن، ئەمەش دوای زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هێرشی ئاسمانی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئامانجەکانی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدراوە.