بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ کوردستان24: تا ئێستا چارەنووسی فڕۆکەوانە ونبووەکە نادیارە
سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەتی دەکاتەوە فڕۆکەوانە ونبووەکەیان لە ناو خاکی ئێران بە دیل گیرابێت و جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنی گەڕان دەکاتەوە بۆ دۆزینەوەی.
ئەمڕۆ شەممە 4ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەبێ ئاشکراکردنی ناوەکەی بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ هەینی 3ـی نیسان، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری F-15 لە ئاسمانی ئێران پێکراوە و دوو سەرنشینی تێدا بووە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، دوای رووداوەکە هەردوو فڕۆکەوانەکە ناچار بوون خۆیان هەڵبدەن. روونیشی کردەوە، یەکێک لە فڕۆکەوانەکان لەلایەن تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاریی ئەمریکییەوە دۆزراوەتەوە و رزگار کراوە، بەڵام فڕۆکەوانی دووەم تاوەکوو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکی و ئیسرائیلی بۆ دۆزینەوە و رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە بەردەوامە. دووپاتیشی کردەوە، هیچ زانیارییەکیان پێ نەگەیشتووە فڕۆکەوانەکە بە دیل لەلایەن ئێرانەوە دەستگیر کرابێت.
چەند کاتژمێرێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا رەتی کردەوە باس لە کاردانەوەی وڵاتەکەی بکات لە ئەگەری گیرانی فڕۆکەوانە بێسەروشوێنەکە لەلایەن هێزە ئێرانییەکانەوە و تەنیا گوتی، "ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە، چونکە هیوادارین ئەوە روو نەدات."
لە لایەکی دیکەوە ئێران داوای لە هاووڵاتییانی کردووە هەر زانیارییەکیان لەبارەی فڕۆکەوانەکە هەبێت، هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە و لە بەرانبەردا خەڵاتی گەورەیان پێ دەدرێت.
مێژووی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و کەوتنە دەستی فڕۆکەوانەکانیان، بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. دوایین جار فڕۆکەوانێکی ئەمریکی کەوتبێتە ناو خاکی دوژمنەوە لە ساڵی 2003 بوو لە عێراق، دوای مانەوەی 23 رۆژ لە نێو ژمارەیەک زیندانیدا، لە ئۆپەراسیۆنێکدا رزگار کرا.
بەپێی ئامارەکانی تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی ئابی رابردووەوە، حەوت فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی تێکشکێنراون.