بلوومبێرگ: ئەمریکا زۆربەی مووشەکەکانی لە جۆری تارمایی بۆ جەنگی ئێران ئامادە دەکات

ئاژانسی بلوومبێرگ ئاشکرای کرد ئەمریکا لە ماوەی تەنیا مانگێکدا نزیکەی 80%ـی کۆگای مووشەکیی بەکارهێناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران هێشتا بە مەترسیدار وەسف دەکرێن و تاران بە هەزاران مووشەکی بالیستی و درۆن فشارێکی بێپێشینەی خستووەتە سەر سیستەمە بەرگرییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

شەممە 4ـی نیسانی 2026، ئاژانسی بلوومبێرگ لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەنگاوێکی پڕ مەترسیدا، خەریکە تەواوی کۆگای مووشەکە کرووزە پێشکەوتووەکانی لە جۆری (JASSM-ER) تارمایی بۆ جەنگی ئێران تەرخان دەکات. ئەم بڕیارە واشنتنی ناچار کردووە مووشەکە ستراتیژییەکانی لە ناوچەکانی تری جیهان، بەتایبەت زەریای هێمن، بکشێنێتەوە، ئەمەش توانای بەرگریی ئەمریکای لە بەرانبەر رکابەرە بەهێزەکانی وەک چین خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان کە قسەیان بۆ بلوومبێرگ کردووە، تەنیا لە چوار هەفتەی یەکەمی جەنگدا، فڕۆکە ئەمریکییەکان زیاتر لە 1000 مووشەکی JASSM-ERـیان ئاراستەی ئامانجە ئێرانییەکان کردووە. ئەم مووشەکانە کە نرخەکەیان 1.5 ملیۆن دۆلارە و بۆ پێکانی ئامانجی دوور و شاراوە لە رادار دروستکراون، ئێستا کۆگاکانیان بەرەو خاڵیبوون دەچێت.

پێش جەنگ، ئەمریکا خاوەنی 2300 دانە لەم مووشەکە بوو، بەڵام ئێستا تەنیا نزیکەی 425 دانەی بۆ تەواوی جیهان ماوەتەوە، کە ئەمەش تەنیا بۆ 17 فڕۆکەی (B-1B) بەشی یەک ئەرکی سەربازی دەکات.

بلوومبێرگ سەرنجی دەخاتە سەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندووە لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا ئێرانییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ "سەردەمی بەردین". هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانە، جموجۆڵی هێزە زەمینییەکانی ئەمریکا وەک مارێنز بۆ ناوچەکە دەستیپێکردووە و واشنتن چاوی لەسەر دوورگەی خارکە کە ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، تاوەکوو لەو رێگەیەوە تاران ناچاری خۆبەدەستەوەدان بکات.

سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل بانگەشەی تێکشکاندنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران دەکەن، بەڵام راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاسمانی ئێران هێشتا مەترسیدارە: تەنیا لە رۆژی هەینیدا، فڕۆکەیەکی F-15E و فڕۆکەیەکی A-10ی ئەمریکی خرانە خوارەوە، هەروەها دوو هەلیکۆپتەری رزگارکردن لە کاتی ئۆپەراسیۆندا پێکران. لە سەرەتای جەنگەکەشەوە ئێران توانیویەتی زیاتر لە 12 درۆنی پێشکەوتووی (MQ-9) تێک بشکێنێت، ئەمەش وای کردووە ئەمریکا پەنا بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی کۆنی وەک (B-52) ببات.

بلوومبێرگ ئاماژە بەوە دەکات کە قەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بێپێشینەیە؛ تاران زیاتر لە 1600 مووشەکی بالیستی و 4000 درۆنی شاهێدی ئاراستەی ناوچەکە کردووە.

هاوکات تەنیا بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکە بالیستییەکان، پێویست بە 3200 مووشەکی تێکشکێنەری وەک پاتریۆت و تاد هەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای لۆکهید مارتن تەنیا توانای بەرهەمهێنانی 650 مووشەکی پاتریۆتی هەیە لە ساڵێکدا، ئەم کورتهێنانە گەورەیەش فشارێکی خەیاڵی خستووەتە سەر توانای بەرگریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە جەنگێکی درێژخایەندا.