ئەکسیۆس: ئێران ئاگربەستی کاتیی رەت دەکاتەوە

پێگەی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد کە دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە بنبەست، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا 48 کاتژمێر لە مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ ماوە بۆ "وێرانکردنی ژێرخانی ئێران". بەپێی راپۆرتەکە، تاران پێشنیازی ئاگربەستی کاتی رەت کردووەتەوە و سوورە لەسەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ و وەرگرتنی گەرەنتی نێودەوڵەتی.

شەممە 4ـی نیسانی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، بەپێی زانیارییەکان، جی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رێبەرایەتیی لایەنی ئەمریکی دەکات لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکاندا، لە بەرانبەردا محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، وەک نوێنەری تاران دەردەکەوێت. ئەم گفتوگۆیانە بە نێوەندگیریی راستەوخۆی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی کۆشکی سپی، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، میسر و پاکستان بەڕێوە دەچن.

سەرچاوە ئاگادارەکان لە ناوەڕۆکی گفتوگۆکان بۆ ئەکسیۆسیان ئاشکرایان کردووە، نێوەندگیرەکان تاوەکوو ئێستا شکستیان هێناوە لەوەی هەر دوو لایەنی جەنگەکە لەسەر یەک مێز کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ بکەن. هۆکاری سەرەکیی ئەم بنبەستە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران بە هەموو شێوەیەک پێشنیازی ئاگربەستی کاتی رەت کردووەتەوە؛ تاران سوورە لەسەر ئەوەی کە تەنیا لە بەرانبەر کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ و وەرگرتنی کۆمەڵێک گەرەنتی نێودەوڵەتیی روون کە ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش نەکاتەوە سەر خاکی وڵاتەکەی، ئامادەیە گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا بکاتەوە.

ئەو پێگە ئەمریکییە باسی لەوەش کردووە، ئێستا نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان خەریکی داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ دروستکردنی متمانە لە نێوان ئەو دوو لایەنە کە وەک تاکە دەرچە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی راستەوخۆ دەزانن، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە کە کات لە بەرژەوەندیی دیپلۆماسییەتدا نییە؛ چونکە تەنیا دوو رۆژ بۆ تێپەڕبوونی مۆڵەتەکەی ترەمپ ماوە و هێشتا هیچ ئاماژەیەکی روون لە تارانەوە نییە بۆ پاشەکشەکردن لە مەرجەکانی.

ئاماژەشی داوە، ئەگەر تاوەکوو رۆژی دووشەممەی داهاتوو ئەم گرێکوێرەیە نەکرێتەوە، ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێ و وێرانکەری جەنگ هەنگاو دەنێت کە رەنگە تەواوی جومگە هەستیارەکانی ژیانی مەدەنی لە ئێران پەکبخات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروس نووسیویەتی: "کات بەرەو تەواوبوون دەچێت، تەنیا 48 کاتژمێر ماوە پێش ئەوەی تەواوی دۆزەخ بەسەریاندا ببارێت." بڕیارە مۆڵەتە 10 رۆژییەکەی ترەمپ بۆ ئێران رۆژی دووشەممە کۆتایی بێت. سەرۆکی ئەمریکا پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، تەواوی ژێرخانی وزە، ئاو و نەوتی ئەو وڵاتە بە چڕی بۆردوومان دەکات. لە بەرانبەردا، تاران ئەم هەڕەشانەی وەک پلان بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ ناوبردبوو.