ناتانیاهۆ: گورزی وێرانکەرمان لە پیشەسازیی پێترۆکیمیای ئێران وەشاند

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی گورزێکی وێرانکەریان لە کەرتی پێترۆکیمیا و پیشەسازیی پۆڵای ئێران وەشاندووە. ناتانیاهۆ جەختی کردەوە کە دوای پەکخستنی 70%ی بەرهەمهێنانی پۆڵا، ئێستا ئۆپەراسیۆنەکان چوونەتە قۆناغی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی ئێران و پەکخستنی ئەو کارگانەی وەک ئامێری پارە بۆ سوپای پاسداران وەسفی کردن

شەممە 4ـی نیسانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، کە هێزەکانیان گورزێکی وێرانکەریان لە ژێرخانی ئابووری و پیشەسازیی ئێران وەشاندووە و جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە پەکخستنی سەرچاوەکانی تاران.

ناتانیاهۆ لە پەیامەکەیدا ئاشکرای کرد، کە دوای ئەوەی پێشتر توانیویانە 70%ـی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵا لە ئێران تێکبشکێنن، کە وەک کەرەستەی خاو بۆ دروستکردنی چەک بەکاردەهێنرا، لە نوێترین هەنگاودا هێرشیان کردووەتە سەر کارگە پێترۆکیمیاییەکانی ئەو وڵاتە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وێستگە پێترۆکیمیاییەکان و پیشەسازیی پۆڵای وەک ئامێری پارە بۆ تاران وەسف کرد و گوتی: "ئەم دوو کەرتە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی بودجەی جەنگی ئێرانن دژی ئێمە و تەواوی جیهان." ئاماژەی بەوەش کرد پەکخستنی ئەم دامەزراوانە بەشێکە لە ستراتیژی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسداران.

ناتانیاهۆ جەختی لەسەر بەڵێنەکەی بۆ هاووڵاتییانی ئیسرائیل کردەوە و رایگەیاند: بەڵێنم پێدابوون کە بەردەوام دەبین لە وردوخاشکردنی ئێران، و ئەمەش رێک ئەوەیە کە ئێستا ئەنجامی دەدەین. دووپاتیشی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکان تاوەکوو گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی بەردەوام دەبن.