سوپای ئیسرائیل: حزبوڵڵا دەتوانێت بۆ ماوەی 5 مانگ رۆژانە 200 هێرش ئەنجام بدات
کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەکانی ناو سوپای وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، حزبوڵڵای لوبنان توانایەکی سەربازیی ئەوتۆی هەیە کە دەتوانێت بۆ ماوەی پێنج مانگی بەردەوام، رۆژانە 200 ئۆپەراسیۆن و هێرش دژی ئیسرائیل ئەنجام بدات.
بەگوێرەی راپۆرتی کەناڵەکە، خەمڵاندنەکانی سوپا ئاماژە بەوە دەکەن، حزبوڵڵا هێشتا خاوەنی سەدان سەکۆی مووشەکهاوێژە لە ناوچەکانی باکووری رووباری لیتانی، ئەمەش وای کردووە، بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەسەر هێرشەکانی بەردەوام بێت.
سەرچاوە سەربازییەکان باسیان لەوەش کردووە، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حزبوڵڵا بەردەوام دەبێت و ئەگەری پەرەسەندنی زیاتریشی هەیە، تەنانەت ئەگەر رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێرانیش واژۆ بکرێت.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بەو ئەنجامە گەیشتوون کە حزبوڵڵا بە تەواوی خۆی بۆ شەڕێکی درێژخایەن و رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لەگەڵ ئیسرائیل ئامادە کردووە.