ئەکسیۆس: دووەم فڕۆکەوانی فڕۆکە جەنگییەکەی ئەمریکا لە ناو خاکی ئێران رزگارکرا
ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی وردەکاریی رزگارکردنی دووەم فڕۆکەوانی فڕۆکە جەنگییەکەی ئەمریکای لە ناو قووڵایی خاکی ئێران بڵاوکردەوە.
بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی ئەمریکا رایگەیاند؛ هێزەکانی وڵاتەکەی سەرکەوتوو بوون لە رزگارکردنی دووەم ئەندامی تیمی فڕۆکە جەنگییەکەی جۆری (F-15E)، کە پێشتر لە ناو ئاسمانی ئێراندا خرابووە خوارەوە. ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆسەی رزگارکردنەکە ئەرکێکی ئێجگار سەخت بووە و تیمی رزگارکەر ناچار بوون بچنە ناو پێکدادانێکی توند و رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لەگەڵ هێزە نەیارەکان، تا دواجار توانیویانە فڕۆکەوانەکە بە سەلامەتی دەرباز بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، ئەم ئۆپەراسیۆنە تایبەتە لەلایەن "هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا"وە جێبەجێ کراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، ئەو هێزە تایبەتە دوای دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی فڕۆکەوانەکە و تەواوکردنی ئەرکە مەیدانییەکەیان، خاکی ئێرانیان جێهێشتووە.
لای خۆیانەوە میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی خۆی چاودێری رزگار کردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکەی کردووە. هەروەها دوێنێش فڕۆکەوانێکی دیکەی ئەمریکی رزگار کراوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار. چاودێرانی سەربازیش ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فڕۆکەوانەکە لە ناو جەرگەی خاکی ئێراندا، وەک یەکێک لە ئۆپەراسیۆنە هەرە هەستیار و پڕ سەرکێشییەکان وەسف دەکەن کە پەیامێکی سەربازی بەهێزی تێدایە.