وەزیری پەروەردەی ئێران: تا ئێستا 30 زانکۆ کراوەتە ئامانج

حسێن سیمایی ساراف، وەزیری پەرورەدە، توێژینەوە و تەکنەلۆژیای ئێران، ئاماری قوربانیانی ناوەندە ئەکادیمییەکانی وڵاتەکەی لە سەرەتای دەسپێکی جەنگ و پێکدادانەکانەوە راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا 5 مامۆستای زانکۆ و 60 خوێندکار گیانیان لەدەستداوە.

وەزیری پەروەردەی ئێران بە میدیاکانی راگەیاند؛ لە یەکێک لەو ناوەندە فێرکارییانەی کە کرابووە ئامانج، رایگەیاند: "لەو شەڕەی کە لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێکردووە و بە 'شەڕی ڕەمەزان' ناوی برد، 30 زانکۆ راستەوخۆ هێرشیان کراوەتە سەر. دوژمنەکەمان گەڕاوەتەوە بۆ سەردەمی بەردین."

ساراف رەخنەی لە بێدەنگی نێودەوڵەتی گرت و گوتی: "جێگەی سەرسوڕمانە لە سەدەی 21 و لە سەردەمی مافەکانی مرۆڤدا، هێرش بکرێتە سەر خەڵکی مەدەنی و لەوەش خراپتر، ژێرخانی زانستی و مرۆیی بکرێتە ئامانج. ئایا هێرشکردنە سەر پرد و دامەزراوە مەدەنییەکان چ شانازییەکی تێدایە؟"

وەزیرەکە جەختی لەوەش کردەوە، ئەم وەحشیگەرییە کۆتایی نایەت مەگەر ئەکادیمیستەکان خۆیان بێنە دەنگ و رێگری لێ بکەن، گوتیشی: "نازانرێت سبەی نۆرەی کام زانکۆیە ببێتە ئامانج."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حسێن سیمایی ساراف سوپاسی هاوخەمی وەزیرانی زانستی وڵاتانی بیانی و ناوەندە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکانی کرد و رایگەیاند: "لەگەڵ چەندین هاوتای خۆم لە وڵاتانی جیاواز قسەم کردووە، هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم هێرشانە نموونەی روونی تاوان و دەستدرێژی نایاسایین."

وەزیری پەروەردەی ئێران داوای لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ لە سەرانسەری جیهان کرد، هەڵوێستی جدیتر و کردەییان هەبێت بۆ شکستپێهێنانی ئەم دوژمنە وەحشییە و گرتنەبەری رێکاری رێگری، تا چیتر ناوەندە زانستی و مەدەنییەکان نەبنە قوربانی شەڕ.