ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو کەس جێبەجێ کرد
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند؛ سزای لەسێدارەدانیان بۆ دوو کەس جێبەجێ کردووە، بە "بەکرێگیراوی دوژمن" ناوی بردن، ئەمەش دوای ئەوەی تۆمەتبار کران بە هێرشکردنە سەر شوێنێکی سەربازیی پۆلێنکراو لە میانی خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو .
ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا" بڵاویکردەوە، ئەو دوو کەسەی لەسێدارە دراون ناویان 'محەممەد ئەمین بێگلەری' کوڕی مستەفا، و شاهین واحیدپەرەست' کوڕی غوڵامڕەزا بووە. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەم دوو کەسە لە شەوی 18ـی کانوونی دووەمدا، بەشدارییان لە تێکدان و ئاگرتێبەردانی بنکەیەکی سەربازیی نهێنیدا کردووە و هەوڵیان داوە دەستیان بە چەکخانەی بنکەکە بگات.
دەسەڵاتی دادوەری ئاماژەی بەوە کردووە، لە میانی "ئاژاوە تێرۆریستییەکانی ئەو مانگەدا، ژمارەیەک توخم و لایەنی سەر بە دوژمن" هەوڵیان داوە بچنە ناو بنکە سەربازییەکان، بنکەکانی پۆلیس و ناوەندەکانی بەسیج، بە مەبەستی دزینی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ ئەنجامدانی "کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵک"، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ شاهین واحیدپەرەست بە جۆرێک مامەڵەی کردووە کە دەریخستووە ئاگاداری لایەنە ئەمنییەکان بووە و بە بەرنامە بۆ تێکدان و ئاگرتێبەردانی شوێنە قەدەغەکراوە سەربازییەکە کاری کردووە.
سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو کەسە دوای ئەوە دێت کە دۆسیەکانیان لەلایەن دادگاوە وردبینی لێ کراوە و لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە حوکمە کۆتاییەکەیان پەسەند کراوە.