هێرشکردنە سەر ئەلەمنیۆمی ئیمارات هەڕەشە لە پیشەسازی فڕۆکەوانی ئەمریکا دەکات
رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئێران هێرشی کردووەتە سەر پیشەسازییەکانی ئەلەمنیۆمی ئەمریکا لە ئیمارات و بەحرەین.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێران بە هێرشکردنە سەر پیشەسازییەکانی ناوچەی کەنداوی عەرەبی، کێشەی لە دابینکردنی ئەلەمنیۆمی ئەمریکا دروستکردووە، راشیگەیاند، ئەم کانزایە لە پیشەسازی فڕۆکەوانی و کەرتەکانی دیکەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت.
ئەمریکا ساڵانە 60%ـی پێداویستییەکانی ئەلەمنیۆم هاوردە دەکات، بۆیە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ئەلەمنیۆم لە ئیمارات و بەحرەین مەترسییەکانی بەرهەمهێنان و دابینکردن زیاتر دەکات.
کۆمپانیای ئیمارات گڵۆباڵ ئەلەمنیۆم (EGA) یەکێکە لە گەورەترین دامەزراوە پیشەسازییەکانی جیهان بۆ بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆم، لە بارەی هێرشەکەی ئێران رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆ سەر ناوچەی ئابووری خەلیفە - کیزاد لە تویلە زیانێکی زۆری بەر شوێنەکە کەوت.
کۆمپانیاکە لە راگایەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شوێنەکە بە تەواوی چۆڵکراوە، هەروەها شوێنی فریاگوزارییش داخراوە، کە بریتیە لە توانەوەی ئەلەمنیۆم و کۆکردنەوەی ئەلەمنیۆم، وێستگەی کارەبا، پاڵاوگەی ئەلومینا تویلە، وێستگەی ڕیسایکلکردنی تویلە.
کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات دەستپێکردنەوەی تەواوەتی بەرهەمهێنانی ئەلەمنیۆمی تا 12مانگئی دیکە بخایەنێت بە پشتبەستن بە نیشاندەری سەرەتایی، هەروەها هەندێک کارەکانی بەرهەمهێنان لە پاڵاوگەی ئەلومینیای تویلە و کارگەی ڕیسایکلکردنی زووتر دەست پێدەکاتەوە، ئەمەش بەندە بە هەڵسەنگاندنی کۆتایی زیانەکان.
عەبدولناسر بن کەلبان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئیمارات گڵۆباڵ ئەلەمنیۆم رایگەیاند، "بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین کە کارمەندەکانمانی کردە ئامانج، کە نوێنەرایەتی زیاتر لە چل نەتەوەی جیاواز دەکەن، لەکاتێکدا ئەرکی کارکردنی رۆژانەیان ئەنجام دەدا".
عەبدولناسر بن کەلبان زیادی کرد: شوێنی ئێمە لە تویلە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئابووری جیهانی و ئەم هێرشە کاریگەری لەسەر دابینکردنی ژمارەیەک پیشەسازی لە سەرانسەری جیهان دەبێت.