جۆزێف عۆن: زیاتر لە چوار هەزار و 500 کەس لە لوبنان کوژراون و برینداربوون

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئاداری 2026، جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان، نوێترین ئاماری زیانە مرۆیی و ماددییەکانی وڵاتەکەی لە ئەنجامی شەڕی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل راگەیاند و گوتی: تا ئێستا هەزار و 400 کەس کوژراون و چوار هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.

جۆزێف عۆن، سەرۆککۆماری لوبنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "جگە لە کوژراو و بریندارەکان، ملیۆنێک و 200 هەزار کەس ئاوارە بوون و هەزاران خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری وڵاتدا وێران کراون."

جۆزێف عۆن، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی کرد و تەلئەڤیڤی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "رێز لە یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و رێککەوتننامەکانی ژنێف ناگرێت"، گوتیشی، "ئیسرائیل دەیەوێت ئەوەی لە غەززە ئەنجامی دا، لە باشووری لوبنانیش دووبارەی بکاتەوە، ئەرکی دەسەڵاتدارانی وڵاتیشە رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە بکەن."

سەرۆککۆماری لوبنان باسی لەوەشکرد، پاراستنی ئاشتیی ناوخۆیی و پێکەوەژیان هێڵی سوورە، دەشڵێت، نانەوەی فیتنەی تائیفی و مەزهەبی تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەکات، جەختیشی کردەوە، "هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لەوپەڕی ئامادەییدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر کەسێک کە بیەوێت یاری بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوخۆیی وڵات بکات."