شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات

لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق
لۆگۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و چەند پرسێکی دارایی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی تاوتوێ دەکات. 

شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 05ـی نیسانی 2026، شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات. 

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.

لەبارەی ئامانجی سەردانەکەش، دووبەردانی روونیکردەوە، شاندەکە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کۆدەبێتەوە و چەند پرسێکی دارایی تاوتوێ دەکەن. 

پەرلەمانتارەکەی پارتی باسی لەوەش کرد، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکەی هەردوو شاندەکە دەکات. 

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام حکوومەتی عێراق مانگانە بە بیانووی جیاواز، شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێم درەنگ دەنێرێت و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش لە یاسای بودجەدا دابین ناکات.