نێتبڵۆکس: پچڕانی ئینتەرنێت لە ئێران درێژترینە لە مێژووی جیهاندا

روانگەی نێتبڵۆکس بۆ چاودێریی ئینتەرنێت لە جیهان رایگەیاند، ئەو پچڕانەی ئینتەرنێت لە ئێران کە زیاتر لە مانگێکە بەردەوامە، بە درێژترین پچڕانی ئینتەرنێت لە مێژووی هەر وڵاتێکدا دادەنرێت.

روانگەی "نێتبڵۆکس" لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" بڵاویکردەوە: "پچڕانی ئێستای ئینتەرنێت لە ئێران درێژترین پچڕانی ئینتەرنێتە کە تاوەکو ئێستا لە هەر وڵاتێکدا روویدابێت، بە جۆرێک لە هەموو رووداوە هاوشێوەکانی پێشوو تێپەڕی کردووە."

ئەو روانگەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، پچڕانەکە پێی ناوەتە 37 رۆژی لەسەریەک و بۆ ماوەی 864 کاتژمێرە بەردەوامە، ئەمەش ریکۆردێکی نوێی جیهانییە لە بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەسەر ئاستی نیشتمانی.

نێتبڵۆکس لە بڵاوکراوەیەکی دیکەدا روونی کردووەتەوە، هەرچەندە هەندێک وڵاتی دیکە پچڕانی ناوبەناو یان پچڕان لەسەر ئاستی ناوچەیی بۆ ماوەی درێژتر بەخۆیانەوە بینیوە، بەڵام پچڕانەکەی ئێران بەهۆی گشتگیری و توندییەکەیەوە بە درێژترین دادەنرێت. هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەنیا وڵاتی کۆریای باکوور بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئینتەرنێتی جیهانییەوە نییە.