ئەڵمانیا..گەنجان بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات پێویستییان بە رەزامەندیی سوپا دەبێت

بەگوێرەی یاسایەکی نوێی سەربازی لە ئەڵمانیا، زۆربەی پیاوانی گەنج پابەند دەکرێن کە لە کاتی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ماوەیەکی درێژ، دەسەڵاتدارانی سەربازی ئاگادار بکەنەوە و رەزامەندی وەربگرن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ رێکخستنەوەی تۆمارە سەربازییەکان لە کاتی پێویستدا.

وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە، کە پیاوان لە تەمەنی 17 ساڵییەوە "پێویستە رەزامەندیی پێشوەختە" لە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان وەربگرن بۆ هەر گەشت و مانەوەیەک لە دەرەوەی وڵات کە ماوەکەی لە سێ مانگ زیاتر بێت.

گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، رەزامەندییەکە دەدرێت بەو مەرجەی لەو ماوە دیاریکراوەدا "هیچ ئەرکێکی سەربازیی دەستبەجێ" بۆ ئەو کەسە لەئارادا نەبێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم رێکارە بریتییە لە دڵنیابوونەوە لە هەبوونی تۆمارێکی وردی زانیاریی دەربارەی گەنجان بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست و باری نائاساییدا، سوپا بتوانێت پەیوەندییان پێوە بکات.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە رۆژنامەی "فرانکفۆرتەر رۆندشاو" راپۆرتێکی لەسەر بڵاوکردەوە و لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوە و مشتومڕێکی زۆری دروست کرد. زۆرێک لە گەنجان پرسیاری ئەوەیان دەکرد بۆچی لە کاتی پێشنیازکردنی چاکسازییەکانی سوپا لە ساڵی رابردوودا، ئەم خاڵە بە روونی باس نەکراوە.

یاسا نوێیەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەرچەندە خزمەتی سەربازی لە ئەڵمانیا لە ساڵی 2011ـەوە بە شێوەی خۆبەخشانەیە، بەڵام ئێستا هەموو پیاوێکی 18 ساڵان پابەند کراوە بە پڕکردنەوەی فۆرمێکی زانیاری دەربارەی ئارەزوویان بۆ خزمەتی سەربازی و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی ئەگەر داوایان لێ بکرێت.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە، ئەڵمانیا وەک وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازانی یەدەگ و بەهێزکردنی توانای بەرگریی وڵاتەکەی، بەتایبەت دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 کە بووە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتی بەرگریی وڵاتانی ئەوروپا.