هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە 50% کەمیکردووە
ئیدارەی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا کەمیکردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ نەمانی رێڕەوی کەشتی بارهەڵگری نەوتە لە گەرووی هورمز.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئاداری 2026، ئیدارەی وزەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "تێکڕای هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە 10 وڵاتی گەورەوە گەیشتووەتە پێنج ملیۆن و 840 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەراورد بە هەفتەی پێشوو 49 هەزار بەرمیل کەمیکردووە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتووەتە 140 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر 130 هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمیکردووە، چونکە لە هەفتەی پێشووتر تێکڕای هەناردەکردنی رۆژانە 270 هەزار بەرمیل بووە بۆ ئەمریکا."
هەروەها ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا، کەنەدا رۆژانە 3 ملیۆن و 801 هەزار بەرمیلی هەناردەی ئەمریکا کردووە، سعوودیە 629 هەزار بەرمیل، دواتر کۆڵۆمبیا بە 416 هەزار و مەکسیک بە 398 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە پێشەنگی هەناردەکارانن بۆ ئەمریکا.
بەپێی خشتەکە، هاوردەکردنی نەوت لە ڤەنزوێلاوە 194 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، لە ئیکوادۆرەوە 103 هەزار، لە نەیجیریا 84 هەزار، لە بەڕازیلەوە 73 هەزار و لە لیبیا 2 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.
ئەمریکا زۆربەی نەوتی خاوی خۆی لەم 10 وڵاتە هاوردە دەکات و بەکارهێنانی رۆژانەی بە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل مەزەندە دەکرێت و بەمەش دەبێتە گەورەترین بەکارهێنەری نەوت لە جیهاندا.