بەراورد بە مانگی رابردوو نرخی گۆشتی سوور دابەزیوە

ورد و درشتی نرخەکان و بازاڕی مەیدانی ئاژەڵان بزانە

بەپێی نوێترین لیستی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، نرخی زۆربەی جۆرەکانی گۆشتی سوور لە مانگی 11 بەراورد بە مانگی 10 بە بڕی هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک دابەزیوە. هاوکات لە مەیدانی ئاژەڵانیش کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵی زیندوو تووشی سستی بووە و ناردنی ئاژەڵ بۆ پارێزگاکانی عێراق لە 10 هەزار سەرەوە بۆ 2 هەزار کەمبووەتەوە.

هەڵمەت هەمزە سڵێمان، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی هەولێری کردووە، لیستی نوێکراوەی نرخی گۆشتی ئاژەڵی گەورە و بچووکی بۆ مانگی تشرینی دووەم (مانگی 11) دیاری کردووە؛

بەپێی بەراوردکاریی نێوان نرخەکانی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10) و مانگی 11، دەرکەوتووە کە بەهۆی سستیی بازاڕ و دابەزینی نرخی ئاژەڵی زیندوو، سەرجەم جۆرەکانی گۆشتی سوور بە بڕی 1,000 دینار لە هەر کیلۆیەکدا هەرزان بوون.

بەراوردی نرخی گۆشت لە نێوان مانگی 10 و مانگی 11:

یەکەم: ئاژەڵی بچووک (بەرخ و گیسک):

 - ڕانی بەرخ و گیسک بە ئێسکەوە: لە 24,000 دینارەوە دابەزیوە بۆ 23,000 دینار.

 - ڕانی بەرخ و گیسک (صافکراو): لە 25,000 دینارەوە دابەزیوە بۆ 24,000 دینار.

 - دەستی بەرخ و گیسک بە ئێسکەوە: لە 23,000 دینارەوە دابەزیوە بۆ 22,000 دینار.

 - پشت و ملی بەرخ و گیسک: لە 23,500 دینارەوە دابەزیوە بۆ 22,500 دینار.

 - تکەی ڕانی بەرخ و گیسک: لە 29,000 دینارەوە دابەزیوە بۆ 28,000 دینار.

 - پەرزۆلە: لە 28,000 دینارەوە دابەزیوە بۆ 27,000 دینار.

 - لاشەی کاملی بەرخ و گیسک (لەگەڵ دوونگ): لە 21,500 دینارەوە دابەزیوە بۆ 20,500 دینار.

 - (تەنیا "سەروپێی بەرخ و گیسک" بەهۆی وەرزی سەرما و خواستی زۆری هاووڵاتییان  لە 15,000 دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 20,000 دینار).

دووەم: ئاژەڵی گەورە (گۆلک و ڕەشەوڵاخ):

 - گۆشتی نەرمەی ڕان: لە 23,000 دینارەوە دابەزیوە بۆ 22,000 دینار.

 - گۆشتی نەرمەی دەست: لە 22,000 دینارەوە دابەزیوە بۆ 21,000 دینار.

 - تکەی گۆشتی ڕان: لە 26,000 دینارەوە دابەزیوە بۆ 25,000 دینار.

 - قیمەی بەدەست ئامادەکراو (ئاسایی): لە 25,000 دینارەوە دابەزیوە بۆ 24,000 دینار.

 - قیمەی بێ چەوری: لە 27,000 دینارەوە دابەزیوە بۆ 26,000 دینار.

 - ستیک: لە 28,000 دینارەوە دابەزیوە بۆ 27,000 دینار.

 - پەراسوود: لە 16,500 دینارەوە دابەزیوە بۆ 15,500 دینار.

لەلای خۆیەوە محیەدین بایز خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 هۆکاری ئەم دابەزینەی بۆ سستیی بازاڕی کڕین و فرۆشتن و کەمبوونەوەی ناردنی ئاژەڵ بۆ عێراق گەڕاندەوە و رایگەیاند:

 - دابەزینی کێشی زیندوو (زیندووقەپان): نرخی یەک کیلۆ کاوڕ لە 9,500

 دینارەوە دابەزیوە بۆ نێوان 8,000 تا 8,250 دینار؛ نرخی بەرخ بۆ نزیکەی 8,500  دینار دابەزیوە و جوانەگاش بەپێی کێش لە نێوان 7,500 تا 10,000 دیناردایە.

 - هەناردە بۆ عێراق: پێشتر رۆژانە نزیکەی 10 هەزار سەر ئاژەڵ لە هەولێرەوە رەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرا، بەڵام ئێستا  بەهۆی لاوازیی خواستەوە رۆژانە تەنیا نزیکەی دوو هەزار سەر ئاژەڵ (بە ڕێژەی 80%

 کەمتر) هەناردە دەکرێت.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵان ئاماژەی بەوەش کرد، هاوردەکردنی مەڕوماڵات لە ئێران و جۆرجیا و ئەرمینیا بەردەوامە، بەڵام هاوردە لە سووریا و تورکیاوە وەستاوە، چونکە لەو وڵاتانە نرخ گرانترە (لە سووریا کیلۆی گۆشت گەیشتووەتە 11 هەزار دینار).

هاوکات باسی لەوە کرد، وەرزی زانی مەڕ و ماڵاتە و بەهۆیە پێشبینی دەکرێت جوڵە بکەوێتە بازاڕەوە و گۆڕانکارییەک رووبدات.