وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: لە کوشتنی سەرکردەکانی ئێران بەردەوام دەبین

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بەڵین دەدات لە راوەدوونان و کوشتنی سەرکردەکانی ئێران بەردەوام دەبن و هەڕەشەی ئەوەش دەکات، ئەگەر ئێران لە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام بێت، ئەوا دەست لە هیچ ژێرخانێکی ئەو وڵاتە ناپارێزن.

یسرائیل کاتز ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "ئەگەر ئێران لە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی بەردەوام بێت، باجێکی قورستر دەدات و بەهۆیەوە تەواوی ژێرخانی نیشتمانی و توانا سەربازییەکانی لە دەست دەدات.

راشیگەیاندووە "بەردەوام دەبین لە راوەدوونان و بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئێران، هاوکات لە سەرتاسەری وڵاتەکە لە هیچ ئامانجێکی ئەمنی و ژێرخان و سەرچاوەی ستراتیژیی دەست ناپارێزین.

لە 28ی مانگی شوباتی رابردووەوە هێزی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و تاوەکوو ئێستا 36 رۆژ جەنگی نێوانیان بەردەوامە و بە هۆیەوە چەندین سەرکردە باڵا و فەرماندەی سەربازی ئێران کوژراون، سەرەکیترینیان کوشتی ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە.