ترەمپ بۆ فۆکس نیووز: ئەگەرێکی باش هەیە سبەی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ بکرێت
سەرۆکی ئەمریکا، گەشبینی خۆی نیشاندا کە سبەی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ بکرێت. ئاشکرای کرد کە لێبوردنی کاتی بۆ دانوستانکارە ئێرانییەکان دەرکردووە، بەڵام هۆشدارییەکی توندی دا کە ئەگەر سبەی ڕێککەوتن نەکرێت، فەرمانی وێرانکاریی گشتگیر و دەستبەسەرداگرتنی بیرە نەوتەکان دەردەکات و تەواوی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە وێران دەکەین.
یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێدا بۆ فۆکس نیووز، ئاشکرای کرد کە دانوستانە نهێنییەکان لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار و یەکلاکەرەوە. ترەمپ گەشبینی خۆی نیشاندا کە "ئەگەرێکی باش هەیە سبەی رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ بکرێت."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنی ئێرانی لە سەرەتادا هەوڵی دواخستنی کاتی دانوستانەکانیان داوە بۆ هەفتەیەکی دیکە، بەڵام ئەو بە توندی پێداگری کردووە کە دەبێت هەر ئێستا یان سبەی بگەنە ئەنجام. ترەمپ وەک نیشانەیەک بۆ جددیبوونی ئەمریکا لە پرۆسەی دیپلۆماسی، رایگەیاند کە "لێبووردنی کاتی" بۆ دانوستانکارە ئێرانییەکان دەرکردووە تاوەکوو بتوانن بەبێ ترس لە هێرشەکان، بەردەوام بن لە گفتوگۆکان.
ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئەم هەلەی ئێستا بۆ رێککەوتن لەدەست بدەن، ئەوا بژاردەی وێرانکاریی گشتگیر جێبەجێ دەکات. ترەمپ گوتی: "من بیر لە تەقاندنەوەی هەموو شتێک و دەستبەسەرداگرتنی نەوتەکە دەکەمەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان، ئێرانییەکان دەبینن چۆن پردە ستراتیژییەکان و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا دادەڕمێن.
لە لایەکی دیکەشەوە، تیمێکی دیپلۆماسیی بەهێز بە سەرپەرشتیی ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر لە پشت پەردەوە خەریکی داڕشتنی وردەکارییەکانی رێککەوتنەکەن. واشنتن دەیەوێت پەیامێکی روون بە تاران بدات کە ئەمریکا کات بەفیڕۆ نادات و ئامادەیە هەم بۆ رێککەوتنێکی خێرا و هەم بۆ وەشاندنی گورزی وێرانکەر بۆ سەر دڵی ئێران و ژێرخانە ئابوورییەکەی ئەگەر گفتوگۆکان بە ئەنجام نەگەن.
ئێستا تەواوی سەرنجەکان لەسەر 24 کاتژمێری داهاتووە، تاوەکوو بزانرێت ئایا هەوڵە چڕەکانی ترەمپ و تیمەکەی دەبنە هۆی وەستاندنی جەنگ، یان ناوچەکە بەرەو قۆناغی تێکشکاندنی تەواوەتیی ژێرخانی مەدەنی و وزەی ئێران هەنگاو دەنێت.