لیندزی گراهام: دەرگای دیپلۆماسی خەریکە بە تەواوی دادەخرێت

لیندزی گراهام، هۆشدارییەکی کۆتایی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە ترەمپ بڕیاری یەکلاکەرەوەی بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز داوە، تەنانەت ئەگەر بە بەکارهێنانی توندترین هێزی سەربازی بێت. ئاماژەی بەوە کرد کە دەرگای دیپلۆماسی خەریکە بە تەواوی دادەخرێت

یەکشەممە 5ی نیسانی 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی بڕیاری کۆتایی داوە بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی بۆ کەشتیوانەکان لە گەرووی هورمز و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەی بەکارهێنانی توندترین هێزی سەربازییە.

لیندزی گراهام جەختی لەوە کردەوە کە ترەمپ لەسەر دوا مۆڵەتەکەی بۆ ئێران بێ دوودڵی و زۆر جددییە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران تەنیا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە؛ یان کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز، یان رووبەڕووبوونەوەی وەڵامێکی سەربازیی زەبەلاح کە تەواوی ژێرخان و ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتە تێکدەشکێنێت.

ئەم سیناتۆرە ئەمریکییە، کە بە یەکێک لە کەسایەتییە نزیکەکان لە ناوەندی بڕیاری کۆشکی سپی دادەنرێت، ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا هیوایەک ماوە کێشەی گەرووی هورمز و پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن، بەڵام هۆشداری دا کە "گوتنی ئەوەی دەرگای دیپلۆماسی خەریکە دادەخرێت، وەسفێکی زۆر کەمە بۆ ڕاستی دۆخەکە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەمریکا خەریکە بێ ئومێد دەبێت لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان.

گراهام هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سەرکردایەتی ئێران کرد و ڕایگەیاند: "بە ژیری بڕیار بدەن و بە خێرایی بڕیار بدەن."ئەم لێدوانانەی گراهام هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتەکان بەرەو تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەی کە ترەمپ بۆ ئێران دیاری کردبوو، ئەمەش ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازیی وێرانکەری لە هەر ساتێکدا زیاتر کردووە.