ترەمپ بۆ ئەکسیۆس: لە ناوەڕاستی رێگا جەنگەکە بەجێناهێڵین
سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە قۆناغێکی قووڵ، بەڵام هۆشداری دا کە مۆڵەتی کۆتایی ڕۆژی سێشەممە تەواو دەبێت و ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، تەواوی ژێرخانی ئەو وڵاتە وێران دەکات. جەختی کردەوە "لە ناوەڕاستی جەنگدا ئێران بەجێناهێڵین" تا ئەو کاتەی گەرووی هورمز دەکرێتەوە و تاران خۆی بەدەستەوە نەدات.
یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس رایگەیاند، وڵاتەکەی لەنێو دانوستانێکی قووڵدایە لەگەڵ ئێران. ئاماژەی بەوە کرد کە هەلێکی باش هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن پێش ئەوەی دوا مۆڵەتەکەی لە رۆژی سێشەممە کۆتایی بێت، بەڵام هۆشدارییەکی توندیشی دا و گوتی: "ئەگەر رێککەوتن نەکەن، من هەموو شتێک لەوێ وێران دەکەم."
سەرۆکی ئەمریکا پێش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تروس بە زمانێکی زۆر توند هەڕەشەی لە تاران کردبوو و نووسیبووی: "رۆژی سێشەممە لە ئێران دەبێتە 'رۆژی وێستگەکانی کارەبا' و 'رۆژی پردەکان'؛ یان گەرووی هورمز بکەنەوە یان لە ناو دۆزەخدا دەژین، ئەمە لە کاتێکدایە کە تاران ئەم هەڕەشانەی وەک تاوانی جەنگ وەسف کردووە و هەڕەشەی لێدانی ژێرخانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداوی کردووە وەک تۆڵەسەندنەوە.
بەپێی گوتەی ترەمپ، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و جارێد کوشنەر، زاوای پێشووی، خەریکی بەڕێوەبردنی دانوستانن. سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە دانوستانەکان تەنیا لە رێگەی وڵاتانی ناوبژیوانەوە پاکستان، میسر و تورکیا نین، بەڵکوو لە رێگەی ناردنی نامەی راستەوخۆ لە نێوان راوێژکارانی ترەمپ و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوە دەچن. ترەمپ دەڵێت: "دانوستانەکان باش دەچن، بەڵام گەیشتن بە هێڵی کۆتایی لەگەڵ ئێرانییەکان هەمیشە کارێکی ئەستەمە."
ترەمپ باسی لەوە کرد کە چەند رۆژێک لەمەوبەر هەر دوو لا نزیک بوون لەوەی رێکبکەون لەسەر ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ، بەڵام کاتێک ئێرانییەکان داوای پێنج رۆژ مۆڵەتیان کردووە، ئەو هەستی کردووە کە جددی نین، بۆیە فەرمانی داوە پردێکی ستراتیژی کە تاران بە باکووری وڵاتەوە دەبەستێتەوە بۆردوومان بکرێت. ترەمپ سەبارەت بە زیانی مەدەنییەکان گوتی، پێیوایە ئەو ئێرانییانەی دژی پشتگیری لەم هێرشانە دەکەن بۆ لاوازکردنی دەسەڵات و دووپاتی کردەوە "ئێمە لە ناوەڕاستی جەنگدا ئێران بەجێناهێڵین."
ئێستا وەزیرانی دەرەوەی پاکستان، میسر و تورکیا لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان لەگەڵ واشنتن و تاران تاوەکوو بتوانن متمانە لە نێوان ئەو دوو لایەنە دروست بکەن. ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە ترەمپ قایل بکەن مۆڵەتەکەی رۆژی سێشەممە درێژ بکاتەوە تاوەکوو دەرفەتێکی زیاتر بۆ دیپلۆماسییەت بڕەخێت. هەرچەندە تاوەکوو ئێستا هیچ وەرچەرخانێکی گەورە بەدی نەکراوە، بەڵام نێوەندگیران هیوایان وایە لە کۆتا کاتژمێرەکاندا بگەنە رێککەوتنێکی کاتی بۆ رێگری لە وێرانکارییەکی گشتگیر.