سێنتکۆم: هەردوو فڕۆکەوانەکەمان رزگار کرد و هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئۆپراسیۆنی رزگارکردنی هەردوو فڕۆکەوانە ئەمریکییەکەی لە نێو خاکی ئێراندا بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهێناوە. هاوکات جەختی کردەوە کە هێرشە سەربازییەکانیان بۆ سەر پێگە ستراتیژییەکانی ئێران بەردەوام دەبن.
بەگوێرەی راگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەمڕۆ 4ـی نیسانی 2026، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە لە دوو ئۆپراسیۆنی گەڕان و رزگارکردنی (SAR) جیاوازدا، هەردوو ئەندامی تیمی فڕۆکە جەنگییەکەی جۆری F-15E بە سەلامەتی بگوێزنەوە، کە فڕۆکە جەنگییەکەی ئەمریکا لە 2ـی نیساندا و لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی جەنگیدا لەلایەن هێزە بەرگرییەکانی ئێرانەوە خرابووە خوارەوە.
سێنتکۆم ئاشکرای کرد، سەرەڕای تێکشکانی فڕۆکەکە، هێزەکانیان بەردەوامن لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە نێو خاکی ئێراندا. فەرماندەیی ناوەندی ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی سەرەکی لە بەردەوامیی ئەم هێرشانە، پەکخستنی تەواوەتیی تواناکانی ئێران بۆ سەپاندنی هێز و هەژموونی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی.
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا گومانێکی زۆر لەسەر چارەنووسی فڕۆکەوانەکان هەبوو، و تاران پاداشتێکی گەورەی بۆ دەستگیرکردنیان تەرخان کردبوو.