لە تاران زانکۆی "شەریف" بۆردومان کران
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و تەقینەوە تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێرانی هەژاند. میدیاکانی ئێران رایانگەیاند؛ زانکۆی "شەریف" لە تاران و دەوروبەری کەوتوونەتە بەر بۆردومانێکی چڕ.
بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکان، هێرشەکان تەنیا تارانیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو شارەکانی "مێهرئاباد، بەندەر عەباس، قوم و شیراز"یش رووبەڕووی هێرشی هاوشێوە بوونەتەوە. لە شاری بەندەر عەباس دەنگی پێنج تەقینەوەی بەهێز بیستراوە، هەروەها ناوچەی "شەهرەک" لە باکووری رۆژئاوای تاران و دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئاباد بەهۆی تەقینەوەکانەوە لەرزیوون.
ئاژانسی هەواڵی "فارس" ئاماژەی بەوە کردووە، لە هێرشێکدا بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران، لانی کەم 13 کەس گیانیان لەدەستداوە. هاوکات رۆژنامەی ئێران بڵاویکردەوە لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر شاری قوم، لانی کەم 5 کەسی دیکە کوژراون.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مۆڵەتێکی بۆ تاران دیاری کردووە تاوەکو گەرووی هورمز بکاتەوە. ترەمپ هۆشداری داوە ئەگەر تاوەکو ئێوارەی رۆژی سێشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا گەرووەکە نەکرێتەوە، فەرمانی بۆردومانکردنی پردەکان و وێستگەکانی وزە دەدات.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ترووس سۆشیاڵ بە زمانێکی توند نووسیویەتی: "سێشەممە دەبێتە رۆژی وێستگەکانی وزە و پردەکان، هەمووی پێکەوە لە یەک کاتدا. شتێکی لەو شێوەیە لە ئێراندا رووی نەداوە!" و زیاتر گوتی: "گەرووەکە بکەنەوە دەنا لە ناو دۆزەخدا دەژین."
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە هەفتەی شەشەمی خۆی. ترەمپ رایگەیاند؛ هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە فڕۆکەوانێکی ئەمریکی رزگار بکەن لە رۆژی هەینییەوە بێسەروشوێن بوو و بە سەختی بریندار بووە.
سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بکرێت، دوای ئەوەش کاتی مۆڵەتەکەی بۆ کاتژمێر 8:00ـی شەوی سێشەممە درێژکردەوە.