لە ئێران وێستگەیەکی غاز و ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کرانە ئامانج
گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوەی تاران لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی (ئیسنا) رایگەیاند؛ لە چەند کاتژمێری رابردوودا بەهۆی هێرشی مووشەکیی دوژمنەوە بۆ سەر چەند ناوچەیەکی تاران، زیانی گیانی و ماددی کەوتووەتەوە.
بەگوێری گوتەی گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوە، لە هێرشی یەکەمدا وێستگەیەکی کەمکردنەوەی پەستانی غاز لە یەکێک لە ناوچەکانی ناوەڕاستی تاران کراوەتە ئامانج. ئەم هێرشە بووە هۆی دروستبوونی دزەکردنی غازی توند لە ناوچەکەدا، بەڵام خۆشبەختانە هیچ جۆرە ئاگرکەوتنەوەیەکی لێنەکەوتەوە. تیمەکانی فریاگوزاری توانییان لە ماوەی کەمتر لە 30 خولەکدا دزەکردنی غازەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن و مەترسییەکە بڕەوێننەوە.
لە لایەکی دیکەوە، هێرشێکی دیکەی مووشەکی کرایە سەر ماڵێکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی باشووری رۆژهەڵاتی تاران. بەهۆی توندی هێرشەکەوە، خانووەکە بە تەواوی وێران بووە و کەوتووەتە ژێر داروپەردوو.
تیمەکانی رزگارکردن دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانییان 7 کەس بە زیندوویی لەژێر داروپەردووەکە دەربهێنن. بەڵام گوتەبێژی ئاگرکوژێنەوە پشتڕاستی کردەوە لەم هێرشەدا 3هاوڵاتی شەهید بوون.
تا ئێستا کارەکانی گەڕان و لێکۆڵینەوە لە شوێنی رووداوەکان بەردەوامە.