رۆیتەرز: ئەمریکا بۆ رزگارکردنی ئەفسەرێکی، 6 فڕۆکە و هێلیکۆپتەری خۆی لەناو خاکی ئێراندا تەقاندەوە

ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لە راپۆرتێکی تایبەتدا، وردەکاریی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی پڕ لە سەرکێشیی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکای لەناو خاکی ئێراندا ئاشکرا کرد. ئۆپەراسیۆنەکە بۆ رزگارکردنی ئەفسەرێکی پلەبەرز بووە، بە تێکشکاندنی دوو فڕۆکەی گەورەی ئەمریکی و چوار هێلیکۆپتەر کۆتایی هاتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر پەردەی تاریکیدا و بە وردییەکی زۆرەوە دەستی پێکردووە. هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا دزەیان کردووەتە ناو قووڵایی خاکی ئێران و بە زنجیرە چیاکانی ئەو وڵاتەدا سەرکەوتوون کە بەرزییان زیاتر لە 2 کیلۆمەتر بووە. ئامانجیان رزگارکردنی شارەزایەکی چەکی ئەمریکی (کۆلۆنێل) بووە کە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی، لە شوێنێکی شاخاویدا خۆی حەشار دابوو.

سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئەمریکا بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە؛ کاتێک تیمەکان خەریکی گواستنەوەی ئەفسەرەکە بوون بۆ خاڵێکی دیاریکراو، پلانەکە تووشی گرفت بووەوە. دوو فڕۆکەی جۆری (MC-130) کە نزیکەی 100 سەربازی هێزی تایبەتیان گواستبووەوە بۆ ناوچەیەکی سەختی باشووری تاران، تووشی کێشەی تەکنیکی بوون و نەیانتوانی بفڕنەوە. ئەمەش وایکرد بۆ ماوەی دوو کاتژمێری پڕ لە دڵەراوکێ، هێزە تایبەتەکان لەناو جەرگەی خاکی ئێراندا گیر بخۆن. بەرپرسە ئەمریکییەکە دەڵێت: "ئەو ساتە مەترسیدارترین سات بوو، بڕیاری خێرا و بوێرانە دۆخەکەی رزگار کرد."

بۆ ئەوەی هیچ کەرەستەیەکی هەستیار و تەکنەلۆژیایەکی سەربازی نەکەوێتە دەستی ئێران، فەرماندە ئەمریکییەکان بڕیاریاندا دوو فڕۆکە پەککەوتووەکەی جۆری (MC-130) و چوار هێلیکۆپتەری دیکە لەناو خاکی ئێراندا بتەقێننەوە و تێکیان بشکێنن، دوای ئەوەی فڕۆکەی دیکەی بچووکتر و سوکتریان بۆ گواستنەوەی سەربازەکان نارد.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، دەزگای هەواڵگری ناوەندیی (CIA) پێش ئۆپەراسیۆنەکە هەڵمەتێکی "چەواشەکاری" ئەنجامداوە و زانیاریی هەڵەی لەناو ئێراندا بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی تاران سەرقاڵ بکات. هاوکات سوپای ئەمریکا پەنای بردووەتە بەر جەنگی ئەلیکترۆنی و تێکدانی شەپۆلی ئامێرەکان، لەگەڵ بۆردومانکردنی رێگا سەرەکییەکانی دەوروبەری شوێنەکە بۆ رێگریکردن لە نزیکبوونەوەی هێزە ئێرانییەکان.

ئەو ئەفسەرەی رزگارکراوە، یەکێک بووە لە ستافی فڕۆکەیەکی (F-15E Strike Eagle) رۆژی هەینی رابردوو لە ئاسمانی پارێزگای ئیسفەهان لەلایەن بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە خرابووە خوارەوە. فڕۆکەوانەکە پێشتر رزگارکرابوو، بەڵام ئەم ئەفسەرە کە پلەکەی "کۆلۆنێل"ە  پاژنەی پێی شکابوو، لە ژێر تاشەبەردێکدا خۆی شاردبووەوە تا ئەو کاتەی تیمەکان گەیشتوونەتە سەری.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: "سوپای ئەمریکا یەکێک لە بوێرانەترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردنی لە مێژووی وڵاتەکەماندا ئەنجامدا."

ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ماوەی پێنج هەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتە لوتکە و بەپێی ئاماری فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەو ماوەیەدا 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون و زیاتر لە 300ـی دیکەش بریندار بوون.