ئێران: گەرووی هورمز هەرگیز ناگەڕێتەوە دۆخی جاران، بەتایبەت بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل
فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، گەرووی هورمز هەرگیز ناگەڕێتەوە دۆخی جاران، بەتایبەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل.
فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، "قۆناغی ئێستا شایەنی گۆڕانکارییەکی ستراتیژییە لە مامەڵەکانی ئێران لەگەڵ بوونی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کەنداو"، جەختی کردەوە، "رێکارە نوێیەکان لە گەرووی هورمز و کۆنترۆڵکردنی، رێگری لە جووڵەی هێزی دوژمنان دەکات کە وەک پێشتر بە ئازادی هاتوچۆ نەکەن."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ ئەوەی سیستەمێکی نوێ بۆ هاتوچۆ لە کەنداوی عەرەبی دابڕیژێتەوە"، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی ئەم سیستەمە یان خشتەی جێبەجێکردنی ئاشکرا بکات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، "ئامادەکارییەکان بە خێراییەکی پێشکەوتوو و لەسەر چەند ئاستێکی سەربازی و لۆجستی بەردەوامن."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە گرژیەکان لە ئاوەکانی کەنداودا زیاتر تەشەنەی کردووە، هەر گۆڕانکارییەکیش کە لە گەرووەکە بکرێت، کاریگەرییەکی جیهانی لەسەر جوڵەی وزە و بازرگانی نێودەوڵەتی دروست دەکرێت.