ئێران: هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا و پردەکان تاوانی جەنگە

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی رایگەیاند، ترەمپ بە ئاشکرا هەڕەشەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی کردووە، بەمەش پێویستە لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت جا لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بێت یان هەر دادگایەکی نیشتمانیی بێت.

ئەمرۆ دووشەمممە، 6ـی ئاداری 2026، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، بەکارهێنانی هێز لە دژی یەکپارچەیی خاکی ئێران پێشێلکارییەکی روونی ماددەی 2 بڕگەی (4)ـی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە "بەرەهایی هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی وڵاتان قەدەغە دەکات". 

سەبارەت بەو هەڕەشانەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ، گوتی: بەپێی ماددەی 8 (2) (ب)ـی پەیڕەوی ناوخۆی رۆما بۆ دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان "هەڕەشە بۆ هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا و پردەکان (ژێرخانی مەدەنی) تاوانی جەنگە."

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکرد، "سەرۆکی ئەمریکا وەک باڵاترین بەرپرسی وڵاتەکەی، بە ئاشکرا هەڕەشەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی کردووە، کردەوەیەک کە بەرپرسیارێتی تاوانی تاکەکەسی لەبەردەم دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و هەر دادگایەکی نیشتمانیی هەڵدەگرێت."

ئەو دیپلۆماتکارە باڵایە ئێرانییە رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران بە پشتبەستن بە ماددەی 51ـی پەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و دەستبەجێ وەڵامی هەر دەستدرێژییەک یان هەڕەشەیەک دەداتەوە.

غەریب ئابادی دەشڵێت، "ئامۆژگاری سەرۆکی ئەمریکا دەکەین کە خۆی بپارێزێت لە ئەنجامدانی ئەم هەڕەشانە، کە کاریگەرییەکەی تەنیا لە سەر ئێران نابێت، پێش ئەوەی وەک گەورەترین تاوانباری جەنگ لە مێژوودا تۆمار بکرێت."