تورکیا: سێ لەو کەشتیانەی لە گەرووی هورمز گیریان خواردبوو بە سەلامەتی پەڕینەوە

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، عەبدولقادر ئۆرال ئۆغڵۆ، رایگەیاند؛ سێ کەشتی تورکی کە لە نێو گەرووی هورمزدا بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە دەورە درابوون، بە سەلامەتی پەڕیونەتەوە. جەختیشی کردەوە،  هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی 156 دەریاوان کە هێشتا لە ناوچەکەدا ماونەتەوە، بەردەوامن.

ئۆرال ئۆغڵۆ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" رایگەیاند: "وەک وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخان، لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی گەرووی هورمز دەکەین و سات بە سات ئاگاداری جووڵەی کەشتییە تورکییەکان و دەریاوانەکانمانین لە ناوچەکەدا."

وەزیر ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، کەشتی "ئۆشن ساندەر" (Ocean Thunder) کە نەوتی خاوی عێراقی بۆ مالیزیا هەڵگرتبوو، شەوی رابردوو بە سەلامەتی لە گەرووی هورمز پەڕیوەتەوە و لە کەنداو چووەتە دەرەوە.

بە وتەی وەزیری گواستنەوە، بەم هەنگاوە کۆی گشتی ئەو کەشتییە تورکیانەی لە سەرەتای جەنگەکەوە لە کەنداو مابوونەوە و ئێستا بە سەلامەتی دەرچوون، گەیشتە سێ کەشتی. ئاشکراشی کرد، ئێستا 12 کەشتی تورکی لە گەرووەکەدا ماونەتەوە، کە 8 دانەیان داوای جێهێشتنی ناوچەکەیان کردووە.

ئۆرال ئۆغڵۆ جەختی کردەوە، هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو 8 کەشتییە و 156 کارمەندەکەی ناویان بەردەوامە و گوتی: "بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی وردی دۆخی کەشتی و دەریاوانەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە."

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ئیسنا رایگەیاند؛ دوو کەشتی دیکەی هیندستان کە گازی شلیان بارکردووە لە کەنداو چوونە دەرەوە.

 دوو کەشتی دیکەی هەڵگری گازی نەوتی شلکراوە (LPG) ئاڵای هیندستانیان لەسەرە، لە ئاوەکانی کەنداو چوونە دەرەوە. ئاماژە بەوە کراوە، کەشتییەکی سێیەم هێشتا لە ڕۆژئاوای گەرووی هورمز ماوەتەوە و نەچووەتە دەرەوە.

گەرووی هورمز، نزیکەی پێنج یەکی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، لە 28ـی شوباتەوە و بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، تووشی قەیرانێکی گەورەی هاتوچۆی دەریایی بووە. ئەم پێکدادانە سەربازییانە بووەتە هۆی داخرانی نیمچە تەواوی گەرووەکە و دەستبەسەرداگرتنی دەیان کەشتی بازرگانی و تانکەری نەوت.