ئێران: وەڵامی دیپلۆماسیمان بۆ ئەمریکا ئامادە کردووە و بەمزووانە رایدەگەیەنین

ئاڵای ئێران و ئەمریکا
ئاڵای ئێران و ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی وەڵامێکی دیپلۆماسیی بۆ ئەمریکا ئامادە کردووە و لە کاتێکی گونجاودا رایدەگەیەنێت، هاوکات واشنتن بە تێکدانی رێڕەوی دیپلۆماسی تۆمەتبار دەکات.

رۆژی دووشەممە، 06ـی نیسانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاران وەڵامی دیپلۆماسیی خۆی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داڕشتووە و لە کاتی گونجاودا رایدەگەیەنێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بە خراپترین شێوە رێڕەوی دیپلۆماسیی تێکداوە. راشیگەیاندووە،، "جیهان شایەتحاڵی ئەوەیە گوتارەکانی ئەمریکا لەگەڵ کردارەکانیدا یەکناگرنەوە."

بەقایی گوتیشی "داوای کۆتاییهێنان بە شەڕ و دووبارەنەبوونەوەی دەکەین.. ئاگربەستی کاتی لەگەڵ ئەمریکا بە واتای بەردەوامدان بە تاوان دێت". روونیشی کردەوە، "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا بۆ دزینی یۆرانیۆم لە ئیسفەهان شکستی هێنا". 

ئەمە لە کاتێکدایە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، پلانێک بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا ئامادە کراوە و رەنگە هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 06ـی نیسانی 2026، بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 

بەگوێرەی سەرچاوەکە، چوارچێوەی پلانەکە لەلایەن پاکستانەوە داڕێژراوە و شەوی رابردوو (یەکشەممە، 05ـی نیسان)، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا ئاڵوگۆڕی لەسەر کراوە.

پلانەکە لە دوو قۆناغ پێکدێت، قۆناغی یەکەم راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێیە و دواتر رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەری کێشەکان واژۆ دەکرێت. 

سەرچاوەکە روونیشی کردووەتەوە،، "پێویستە ئەمڕۆ لەسەر هەموو خاڵەکان رێککەوتن بکرێت." ئاماژەی بەوەش دا، رێککەوتنە سەرەتاییەکە لە شێوەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن دەبێت و لە رێگەی پاکستانەوە، وەک تەنیا کەناڵی پەیوەندیی نێوانیان، بە ئەلیکترۆنی واژۆ دەکرێت.

سەرچاوەکە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە،، ئاسیم مونیر، سوپاسالاری پاکستان، "بە درێژایی شه‌و" لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.

بەپێی پێشنیازەکە، ئاگربەستەکە دەستبەجێ کاری پێ دەکرێت و گەرووی هورمز دەکرێتەوە. ماوەی 15 بۆ 20 رۆژیش دیاری کراوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی فراوانتر. رێککەوتنەکە، بە شێوەیەکی کاتی ناوی "رێککەوتنی ئیسلامئاباد"ـی لێ نراوە، چوارچێوەیەکی هەرێمی بۆ گەرووی هورمز لەخۆ دەگرێت و گفتوگۆی کۆتایی لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە دەچێت.