لێکۆڵینەوەیەک: "ماندووبوونی بەهار" تەنیا دیاردەیەکی کولتوورییە و بنەمای زانستی نییە
لەگەڵ هاتنی یەکەم رۆژە گەرمەکانی ساڵ و چرۆکردنی دارەکان، زۆرکەس هەست بە جۆرێک لە ماندووبوونی زۆر دەکەن کە بە "ماندووێتی بەهار" دەناسرێت. بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانایانی سویسرا ئەو تێڕوانینە رەتدەکاتەوە و دەریخستووە کە ئەم ماندووبوونە هیچ بنەمایەکی بایۆلۆژی و زانستی نییە و تەنها دیاردەیەکی کولتوورییە.
لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی زانکۆی بازل و نەخۆشخانە دەروونییەکانی سویسرا و نەخۆشخانەی زانکۆی بێرن، گەیشتوونەتە ئەنجامێکی سەرسووڕهێنەر و رایانگەیاندووە کە ناتوانرێت لە رووی زانستییەوە "ماندووێتی بەهار" بسەلمێندرێت.
کریستین بلووم، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکە و پسپۆڕی خەو لە زانکۆی بازل، دەڵێت: "ئێمە بۆمان دەرکەوت کە خەڵک لە وەرزی بەهاردا زیاتر ماندوو نین بەراورد بە وەرزەکانی دیکەی ساڵ."
وردەکاری لێکۆڵینەوەکە
لە چوارچێوەی ئەم توێژینەوەیەدا، راپرسی بۆ 418 بەشداربوو لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدراوە کە لە تەممووزی 2024ەوە دەستیپێکردووە. بەشداربووان هەموو 6 هەفتە جارێک هەڵسەنگاندنیان بۆ ئاستی ماندووبوون، خەواڵوویی و جۆری خەوی خۆیان کردووە لە ماوەی ساڵەکەدا. هەرچەندە نیوەی بەشداربووان لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکەدا رایانگەیاندبوو کە بەدەست "ماندووبوونی بەهار"ەوە دەناڵێنن، بەڵام داتاکانی لێکۆڵینەوەکە هیچ گۆڕانکارییەکیان لە ئاستی وزەی مرۆڤەکان لە وەرزی بەهاردا پیشان نەداوە.
بۆچی خەڵک وا هەست دەکەن؟
زۆرێک لە تیۆرییەکان دەڵێن فراوانبوونی دەمارەکانی خوێن بەهۆی گەرما یان گۆڕانی هۆرمۆنی "میلاتۆنین" دەبێتە هۆی ماندووبوون، بەڵام بلووم روونیکردەوە کە میلاتۆنین لە خولێکی 24 کاتژمێریدا بەرهەم دێت و تێکدەشکێت و هیچ پەیوەندییەکی بە وەرزەکانەوە نییە.
تیمی توێژینەوەکە پێیان وایە ئەمە "دیاردەیەکی کولتوورییە". ناوی "ماندووبوونی بەهار" لە ناو خەڵکدا هەیە و ئەمەش وایان لێدەکات هەر ماندووبوونێک کە هەیانە بیخەنە پاڵ ئەم ناوە. هەروەها کاتێک رۆژ درێژ دەبێت و خۆر دەدرەوشێتەوە، چاوەڕوانییەکان بۆ چالاکبوون زیاد دەکەن، ئەگەر کەسێک لەو کاتەدا وزەی کەم بێت، زیاتر هەستی پێدەکات چونکە لەگەڵ کەشی بەهارەکەدا ناگونجێت.
خەمۆکی زستانە و ڤیتامین "D"
لێکۆڵینەوەکە جەخت دەکاتەوە کە "خەمۆکی زستانە" راستییەکی پزیشکییە و بەهۆی کەمی رووناکییەوە دروست دەبێت، هەروەها کەمی "ڤیتامین D" لە زستاندا بەهۆی کەمبوونەوەی تیشکی خۆر، دەبێتە هۆی بێهێزی و ماندووبوونی بەردەوام، بەڵام ئەمە جیایە لەو چەمکەی کە بە ماندووبوونی بەهار ناسراوە.
کریستین بلووم ئامۆژگاری خەڵک دەکات و دەڵێت: "هەموو جۆرە ماندووبوونێک مەخەنە پاڵ گۆڕانی وەرزەکان، ئەگەر هەستتان بە ماندووبوونی زۆر کرد کە بێزاری کردوون، باشتر وایە سەردانی پزیشک بکەن نەک چاوەڕێی کۆتایی هاتنی وەرزەکە بن."