ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێران سەپاند
ئەمریکا سزای بەسەر چوار گەورە سەکۆی دراوی دیجیتاڵیی ئێراندا سەپاند
وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "رقی ئابووری" (Economic Fury)، سزای خستە سەر کۆمپانیای "نۆبیتێکس" کە گەورەترین سەکۆی ئاڵوگۆڕی دراوی دیجیتاڵییە لە ئێران، لەگەڵ سێ کۆمپانیای دیکەی هاوشێوە. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی بڕینی ئەو رێگە نهێنییانەیە کە تاران دارایی بۆ سوپای پاسداران دابین دەکات.
سێشەممە 2ـی حوزەیران 2026، ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە دەرەکییەکان (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی داوە، چوار کۆمپانیای ئێرانیی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکان و چەندین بەرپرسی باڵای ئەو کۆمپانیایانەی خستووەتە لیستی سزاکانەوە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەم بارەیەوە گوتی: "لە کاتێکدا ئابووریی ئێران لە لێواری داڕماندایە، تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵی بۆ ئەجێندا گەندەڵەکانی خۆی و گواستنەوەی سەرمایەی وڵات بۆ دەرەوە بەکاردەهێنێت."
بەپێی راپۆرتی گەنجینەی ئەمریکا، کۆمپانیای "نۆبیتێکس" (Nobitex) لە ساڵی 2025دا سەرپەرشتی زیاتر لە 50%ـی هەموو تێپەڕبوونی دراوە دیجیتاڵییەکانی لە ئێران کردووە. ئەم کۆمپانیایە تۆمەتبارە بە ئاسانکاری بۆ سپیکردنەوەی پارەی پەیوەندیدار بە چالاکییەکان؛ هاوکاریی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ جێگیرکردنی بەهای تمەن لە رێگەی "ستەیبڵ کۆین"ەکانەوە و پاراستن و گواستنەوەی سەرمایەی بەرپرسانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا، سەرەڕای نەبوونی ئینتەرنێت.
جگە لە نۆبیتێکس، هەریەکە لە سەکۆکانی (Wallex، Bitpin، و Ramzinex) سزایان بەسەردا سەپێنراوە. هەروەها "ئەمیر حوسێن راد"، سەرۆک و دامەزرێنەری نۆبیتێکس، لەگەڵ چەندین کەسایەتی دیکە کە پەیوەندیی نزیکیان بە خێزانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانەوە هەیە، خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەرنامەی "خەڵات بۆ دادپەروەری"، بڕی 15 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات تەرخان کردووە بۆ هەر کەسێک زانیارییەک بدات کە ببێتە هۆی تێکشکاندنی میکانیزمە داراییەکانی سوپای پاسداران.
هاوکات، وەزارەتی گەنجینە هۆشدارییەکی توندی دایە هەموو ئەو کەشتییە نێودەوڵەتییانەی کە دەیانەوێت لە گەرووی هورمز تێپەڕ بن؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێدانی هەر جۆرە "سەرانەیەک" یان "باجێک" بە ئێران بە پێشێلکردنی سزاکان دادەنرێت و ئەو کەشتی و کۆمپانیایانە رووبەڕووی سزای توند دەبنەوە.