لە عێراق زیاتر لە 5 هەزار پزیشک بایکۆتی دەوامیان کرد

بەهۆی دانەمەزراندنیان بە شێوەی هەمیشەیی و خەرجنەکردنی مووچەکانیان بۆ ماوەی چوار مانگ، زیاتر لە پێنج هەزار پزیشکی دەرچووی ساڵی 2024 لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی عێراق بایکۆتی کارکردنیان کرد و بەو هۆیەشەوە کێشەیەکی گەورە بۆ کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانە حکومییەکان دروست بووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پزیشکانە بەگوێرەی یاسا دەبێت بە شێوەی مەرکەزی دابمەزرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا گرێبەستێکی چوار مانگییان بۆ کراوە وەک پزیشکی نیشتەجێی خولاو، سەرەڕای ئەوەش بۆ ماوەی چوار مانگە ئەو مووچە کەمەی بۆیان بڕاوەتەوە کە تەنیا 420 هەزار دینارە بۆیان خەرج نەکراوە و ئێستا لە مانگی پێنجەمی بێمووچەییدان.

ئەم بایکۆتە فراوانە لە دوێنێوە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقی لە موسڵەوە تاوەکو بەسرا گرتووەتەوە، بۆشاییەکی گەورەی لە ناوەندە تەندروستییەکاندا دروست کردووە، بە جۆرێک هاووڵاتییان لە رێگەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆییەوە نیشانی دەدەن کە بەشێک لە نەخۆشخانەکان بە تەواوی چۆڵ بوون و پزیشکیان لێ نییە.

یەکێک لە پزیشکە ناڕازییەکان باسی لەوە کرد، ئەوان وەک پزیشکانی ساڵی 2024 چەندان کاتژمێر زیاتر لە فەرمانبەرانی دیکە خزمەت دەکەن، کەچی سادەترین مافیان کە مووچە و دامەزراندنە پێنەدراوە، بۆیە داواکارن بە زووترین کات مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە و قەرەبووی رابردووشیان بکرێتەوە.

پزیشکە مانگرتووەکان جەخت دەکەنەوە، وەزیری تەندروستی بەڵێنی کارکردن لەسەر داواکارییەکانیانی داوە، بەڵام فشارێکی زۆریان لەسەرە و چیتر ناتوانن لەو دۆخە بەردەوام بن. ئەوان داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بێنە سەر هێڵ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک، چونکە بەردەوامیی ئەم بایکۆتە زیانی راستەوخۆ بە تەندروستیی هاووڵاتییان دەگەیەنێت، هۆشداریش دەدەن، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، نەک تەنیا بایکۆت دەشکێنن بەڵکو پەنا بۆ هەنگاوی دیکەی ناڕەزایەتی دەبەن.