ترەمپ: دەتوانین ئێران لە یەک شەودا لەناو ببەین و ئەو شەوەش رەنگە سبەی شەو بێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وەڵامی کوردستان24، رایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە کورد دەناسم، هەروەها هەڕەشەی گەڕاندنەوەی ئێرانی بۆ سەردەمی بەردین کرد و ڕایگەیاند کە تەنیا لە لە شەوێکدا تەواوی پرد و وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە خاپوور دەکەن.
دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وەڵامی رەحیم رەشیدی، بەرپرسی نووسینگەی کوردستان24 لە واشنتن ، رایگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە کورد دەناسم." ترەمپ لەبارەی کەرتی وزە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند: "من چاوەڕێم لە هەرێمی کوردستان دەکرد کە رێگە بدەن نەوت لە رێگەی بۆڕی نەوتی جەیهانەوە بڕوات."
هەروەها دۆناڵد ترەمپ؛ لە وەڵامی رۆژنامەنووسێکدا گوتی: وا باشترە کورد لەو جەنگەی لە ناوچەکەیە هەیە بە دوور بێت؛ چونکە مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست دەبێت.
ترەمپ جەختی لەسەر مۆڵەتەکەی کردەوە کە کاتژمێر 8:00ـی شەوی سێشەممە کۆتایی دێت و رایگەیاند: "تەواوی وڵاتی ئێران دەکرێت لە یەک شەودا لەناو ببریت، و ئەو شەوەش رەنگە شەوی سبەینێ بێت." ئەو دووپاتی کردەوە کە رۆژی سێشەممە دەبێتە رۆژی وێستگەکانی کارەبا و رۆژی پردەکان و هۆشداری دا کە ئەگەر گەرووی هورمز نەکرێتەوە، ئێرانییەکان لە ناو دۆزەخدا دەژین.
ترەمپ جەختی کردەوە کە "47 ساڵ دەسەڵاتی تاران بەسە و کاتی ئەوە هاتووە جیهان ئارام بێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە بەهۆی هێزی سوپاکەیانەوە، پلانێکیان هەیە کە دەتوانن تێیدا "تەواوی پردەکانی ئێران بڕووخێنن و هەموو وێستگەکانی کارەبا پەکبخەن." ترەمپ گوتی: "ئەمە تەنیا لە ماوەی 4 کاتژمێردا روودەدات ئەگەر بمانەوێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە مۆڵەتەکە تا کاتژمێر 8:00ی شەوی سبەینێ سێشەممە (بە کاتی خۆرهەڵاتی ئەمریکا) بەردەوام دەبێت، و پاش ئەوە ئێران رووبەڕووی سەردەمی بەردین دەبێتەوە.
ترەمپ جەختی کردەوە کە تەنیا رێککەوتنێک قبووڵ دەکات کە بۆ ئەو گونجاو بێت، و بەشێکی سەرەکیی ئەو رێککەوتنە دەبێت "گەرەنتیی هاتوچۆی ئازادانەی نەوت و هەموو شتێکی تر بێت." ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ئێران لە "لاوازترین دۆخی مێژوویی خۆیدایە" و ئەوەی ئەو دەینەوێت تەنیا "جیهانێکی ئارامە."
سەرۆکی ئەمریکا پەردەی لەسەر یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن لادا کە دوێنێ ئەنجامدرا. ئاشکرای کرد کە بۆ رزگارکردنی ئەفسەری فڕۆکە F-15ەکە، کە 48 کاتژمێر لە ناو خاکی ئێراندا خۆی شاردبووەوە، ئەمریکا 155 فڕۆکەی سەربازیی بەکارهێناوە، کە پێکهاتبوون لە: 4 فڕۆکەی تارمایی ستراتیژی، 64 فڕۆکەی جەنگی و 48 تانکەری سووتەمەنی ئاسمانی و 13 فڕۆکەی تایبەت بە رزگارکردن.
ترەمپ گوتی: "هیچ وڵاتێک لە جیهاندا چەک و سوپای وەک ئێمەی نییە، تەنانەت لێیەوە نزیکیش نین." ئاماژەی بەوەش کرد کە 21 فڕۆکەیان بە نزمییەکی زۆر لە ئاسمانی ئێراندا فڕیون، بە جۆرێک لەلایەن ئێرانییەکانەوە بە گوللەی تفەنگ تەقەیان لێکراوە، بەڵام توانیویانە ئامانجەکەیان بپێکن.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایگەیاندووە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ماوەی 37 رۆژی رابردوودا گورزی کەمەرشکێنیان لە ژێرخانی سەربازی و ستراتیژیی ئێران وەشاندووە؛ بەپێی گوتەکانی ترەمپ، لە ماوەی ئەو 37 رۆژەدا، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا زیاتر لە 10,000 هێرشی ئاسمانیی جەنگییان بەسەر ئێراندا ئەنجام داوە. لە ئەنجامی ئەم گەشتە چڕانەدا، زیاتر لە 13,000 ئامانج لە ناو خاکی ئێراندا کراونەتە ئامانج و پێکراون.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم قەبارەیە لە هێرش و چالاکیی سەربازی، تۆمارێکی مێژووییە و لە مێژووی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە سەربازییەکانی جیهاندا هاوشێوەی نەبووە. ئەم لێدوانە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا تەواوی هێزی تەکنۆلۆژی و سەربازیی خۆی بۆ پەکخستنی تواناکانی تاران بەکارهێناوە.
لە پەرەسەندنێکی سەربازیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان فەرمانیان پێکراوە ئەو فڕۆکە گەورە و کۆنانەی کە کەوتوونەتە ناو خاکی ئێران بتەقێننەوە. ئەو گوتی: "ئێمە نەماندەویست کەس دەستی بەو تەکنۆلۆژیا و ئامێرە پێشکەوتووانەی دژە فڕۆکە بگات کە لەسەر ئەو فڕۆکە گەورانە بوون، بۆیە تەقاندماننەوە." ڕاشیگەیاند کە دواتر فڕۆکەی خێراتر و سووکتر لەسەر خۆڵەکانی ئێران نیشتوونەتەوە و کارمەندەکانیان گواستووەتەوە.
ترەمپ ئێرانییەکانی بە جەنگاوەری کارامە و مرۆڤی توند وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە کە "ئەوان ئێستا بەو شێوەیە بەهێز نین کە مانگێک لەمەوبەر هەبوون. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: بە رای من، ئەوان ئێستا هیچ بەهێز نین و بەم زووانە راستییەکە دەبینن.
بەشێکی دیکەی قسەکانی ترەمپ هەڕەشەی لەو کەس و دەزگا میدیاییانە کرد کە زانیارییان لەسەر فڕۆکەوانە ونبووەکە بڵاوکردبووەوە پێش ئەوەی سوپا رایبگەیەنێت. ترەمپ گوتی: ئێمە دەزانین کێ ئەو زانیارییانەی دزەپێکردووە، یان دەبێت رادەستی بکەن یان دەچنە زیندان، چونکە ئەمە بابەتێکی پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانییەوە.
ترەمپ رەخنەی توندی لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا گرت و رایگەیاند کە نە ناتۆ، نە کۆریای باشوور، نە ئوسترالیا و نە ژاپۆن هاوکارییان نەکردوون. ئەو باسی لەوە کرد کە ئەمریکا 50 هەزار سەربازی لە ژاپۆن و 45 هەزار سەربازی لە کۆریای باشوور هەیە بۆ پاراستنیان لە کیم جۆنگ ئون، بەڵام ئەوان لەم جەنگەدا یارمەتیدەر نەبوون.