نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەداتە ترەمپ لەبارەی هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی ئێران

نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی قووڵی خۆی لە بەرانبەر هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ هێرشکردنە سەر کەرتی وزە و ژێرخانە سەرەکییەکانی ئێران دەربڕی و جەختی لە پاراستنی مەدەنییەکان کردەوە.

سێشەممە 7ـی نیسانی 2026، ستیڤان دوجاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ لێدانی دامەزراوەکانی وزە و ژێرخانی ئێران جێگەی نیگەرانییە، دوجاریک گوتی: "سکرتێری گشتی بەبیری هەموو لایەکی دەهێنێتەوە کە بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە."

ئەم کاردانەوەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە زمانێکی تووند هێرشی کردە سەر ئێران و رایگەیاند: "دەکرێت ئێران لە ماوەی تەنیا یەک شەودا لەناو ببرێت، گوتیشی،" رەنگە ئەو شەوە سبەی شەو بێت"، ترەمپ لە هەمان کۆنگرەدا ستایشی سەرکەوتنی یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردنی فڕۆکەوانەکانی کرد.

لەلایەکی دیکەوە، پیت هەگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، جەختی لە بەردەوامی و زیادکردنی هێرشە ئاسمانییەکان کردەوە و گوتی: "ئەمڕۆ گەورەترین ئۆپەراسیۆنی بۆردومانکردن لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسە سەربازییەکانەوە لە ئێران بەڕێوەدەچێت و بۆردومانەکانی سبەی هێندەی تر بەهێزتر و فراوانتر دەبن."

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە لێکەوتە مرۆیی و ئابوورییەکانی ئەگەری پەککەوتنی ژێرخانی وزە و خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکەدا.