ئاماری قوربانییانی جەنگی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتی رابردوو، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، تاران بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو و لوبنان وەڵامی دایەوە، هەزاران کەس لە سەرانسەری ناوچەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بە گوێرەی ئامارێک کە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ووردەکاری زیانە گیانییەکان ئاشکرا کراوە کە بەم شێوەیەیە:

1- ئێران : گەورەترین زیانی مرۆیی بەرکەوتووە. 

بە گوێرەی ئاماری ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ(هرانا) کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، 3546 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 1616ـیان مەدەنین و 244ـیان منداڵن.
مانگی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، 1900 مەدەنی کوژراون و 20 هەزار کەسیش بریندارن بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.
سوپای ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، 104 سەربازیان لە ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکی جەنگیدا لەلایەن ژێردەریاییەکی ئەمریکییەوە لە نزیک کەناراوەکانی سریلانکا گیانیان لەدەستداوە.
2- لوبنان : 

1497 کەس لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون کە 129 کەس لە کوژراوەکان منداڵن.
زیاتر لە 400 چەکداری حزبوڵڵای لوبنان و 10 سەربازی سوپای لوبنان گیانیان لەدەستداوە.
3  سەربازی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی (UN) کە خەڵکی ئەندەنووسیان، لە باشووری لوبنان کوژراون.
3-  عێراق: قوربانی لە پێکهاتە جیاوازەکانن.

108 کەس کوژراون، کە پێکهاتوون لە مەدەنی، چەکدارانی حەشدی شەعبی، سەربازانی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها کارمەندێکی بیانی لە هێرشێکدا کوژراوە.
4-  ئیسرائیل و ئەمریکا:

ئیسرائیل:  23 کەس بەهۆی مووشەکەکانی ئێران و لوبنانەوە کوژراون، هەروەها 11 سەربازیان لە باشووری لوبنان و جوتیارێکیش بە هەڵەی سوپای ئیسرائیل کوژراون.
ئەمریکا:  فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کوژرانی 13 سەرباز و برینداربوونی زیاتر لە 300 سەربازی راگەیاندووە، ئاماژەی بەوە کردووە،  6 سەربازییان لە کەوتنی فڕۆکەیەک لە عێراق و 7ـی دیکە لە ئۆپەراسیۆنەکانی سەر ئێران کوژراون.
5-  وڵاتانی کەنداو:

ئیمارات:  12 کوژراو لە نەتەوەی جیاواز کە 2 کەسیان سەرباز بوون. 
قەتەر:  7  کوژراو لە تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا کە 4 کەسییان قەتەری، 3 کەسیان تورک بوون.
کوەیت:  7  کوژراو. 
بەحرەین:  2 کەسی  مەدەنی و بەڵێندەرێکی مەغریبی کوژراون.
عومان:  3 کەس بە هۆی هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێرانەوە کوژراون. 
سعودیە:  2 مەدەنی لە ناوچەی (الخرج) بەهۆی کەوتنی گولە تۆپەوە کوژراون.
6-  ناوچەکانی دیکە:

فەڵەستین (کەناری رۆژئاوا):  4  ئافرەت بە مووشەکی ئێرانی کوژراون.
سوریا :  4  کوژراو لە شاری سوەیدا بەهۆی مووشەکێکی ئێرانییەوە.
فەرەنسا:  سەربازێکی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان لە هێرشێکی درۆنیدا کوژراوە.
ئەم ئامارانە نیشاندەری فراوانیی جەنگەکەن کە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە و زیانی زۆری بە ژێرخانی مەدەنی و مرۆیی گەیاندووە، هەروەها بەردەوام بوونی ئەم جەنگە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئەم ئامارانە و زیانی گیانیی و ماددی زیاتر بە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت ئێران و ئیسرائیل دەگات و ژمارەی قوربانییەکان بەرزتر دەبنەوە.