ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ دەداتەوە

قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران، سووکایەتی و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای لەبارەی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەم قسانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ورەی سەربازەکانیان نابێت.

سێشەممە 7ـی نیسانی 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە لێدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتەکەی گوتی: "ئەو دەستەواژە بێشەرمانە و هەڕەشە بێ بنەمایانەی کە لەلایەن سەرۆکە خەیاڵپڵاوەکەی ئەمریکاوە دەکرێن، هیچ کاریگەرییەکیان نابێت لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییە کوشندەکانمان".

زولفەقاری جەختی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە.

ئەم وەڵامدانەوەیەی ئێران دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی وێرانکردنی ژێرخانی وزە و دامەزراوە ستراتیژییەکانی ئێرانی کردبوو و رایگەیاندبوو، دەکرێت ئێران لە ماوەی یەک شەودا لەناو ببرێت، ئەم لێدوانانە ئاستی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تارانی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.