ئێران لە دژی دۆناڵد ترەمپ سکاڵا تۆمار دەکات

باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی پشتیوانی لۆجستی و پڕچەککردنی گرووپەکانی ناوخۆی ئێران، نامەیەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد.

 ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایش، ناڕەزایەتی توندی وڵاتەکەی نیشان دا بەرامبەر بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکا و واشنتنی تۆمەتبار کرد بە پشتیوانی راستەوخۆی "تیرۆر" لە ناوخۆی ئێراندا.

ئیروانی لە نامەکەیدا ئاماژەی بە چاوپێکەوتنێکی سەرۆکی ئەمریکا کردووە لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" کە لە 5ـی نیسانی 2026، بە راشکاوی رایگەیاندووە، "واشنتن لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، چەکی بۆ گرووپەکانی ئێران دابین کردووە."

باڵیۆزی ئێران جەختی کردەوە کە ئەم لێدوانە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی ئەمریکا هەوڵی داوە خۆپیشاندانە هێمنانەکان بگۆڕێت بۆ توندوتیژی و پشێوی و خوێنڕشتن.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە، پڕچەککردنی گرووپەکان لە خاکی دەوڵەتێکی دیکەدا، پێشێلکردنی راشکاوی پەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، گوتیشی، بەپێی بڕیارەکانی دادگای دادوەرانی نێودەوڵەتی و بڕیارنامەی 1373ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەر جۆرە پاڵپشتییەکی ماددی و سەربازی بۆ گرووپە توندڕەوەکان وەک "پشتیوانیکردنی دەوڵەت بۆ تیرۆر" ئەژمار دەکرێت.

ئێران لە رێگەی نوێنەرەکەیەوە رایگەیاند، "ئەمریکا بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو زیانە گیانی و ماددییانەی لە ئەستۆیە کە بەر هاووڵاتیان و دامەزراوە حکوومییەکانی ئێران کەوتووە لە کاتی ئاڵۆزییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی 2025 و کانوونی دووەمی 2026."

ئیروانی داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد، بە توندی سەرکۆنەی ئەم لێدوانە مەترسیدارانە بکات و رێگری بکات لەوەی پشتگوێ بخرێن، جەختیشی کردەوە، نابێت هیچ جۆرە رەفتارێک کە وەک پشتیوانی دەوڵەت بۆ تیرۆر دەردەکەوێت، چاوپۆشی لێ بکرێت.