ئەکسیۆس: دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینیوە

بەرپرسانی ئەمریکی بە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێگری لە تەقینەوەی دۆخەکە گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار و گفتوگۆکان تا دوایین چرکەکانی مۆڵەتەکەی دۆناڵد ترەمپ بەردەوام دەبن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک.

سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، کە دانوستانە چڕوپڕەکانی نێوان تاران و واشنتن پێشکەوتنی ململانێکارییان بەخۆوە بینیوە.

بە پێی زانیارییەکانی پێگەی هەواڵییەکە، هەرچەندە ئومێدێکی زۆر بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن دروست بووە، بەڵام پێناچێت پێش ئەو کاتەی کە ترەمپ وەک دوا وادە دیاریی کردبوو هیچ رێککەوتنێکی فەرمی و کۆتایی رابگەیەنرێت.

بەرپرسە ئەمریکییەکان دەڵێن: "ئیستا سەرنجی سەرەکیی گفتوگۆکان لەسەر ئەوە نییە کە ئایا گەیشتن بە رێککەوتن گونجاوە یان نا، بەڵکو سەرنج لەسەر فاکتەری کاتە و پرسیارە گەورەکە ئەوەیە؛ ئایا دەکرێت پێش تەواوبوونی وادە دیاریکراوەکە رێککەوتنەکە بە ئەنجام بگات؟".

ئاماژەیان بەوەش کرد، چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان بە درێژایی کاتژمێرەکانی داهاتوو و تا کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکەی ترەمپ بەردەوامییان هەبێت.