پاپای ڤاتیکان: هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە

پاپا لیۆی چواردەیەم (پاپای ڤاتیکان)
پاپا لیۆی چواردەیەم (پاپای ڤاتیکان)

پاپای ڤاتیکان رەخنەی توندی لە پەرەسەندنە سەربازییەکانی سەر ئێران گرت و رایگەیاند: کە زۆرینەی خەڵک و چاودێران ئەم جەنگە بە "نادادپەروەرانە" دەبینن، هاوکات هۆشداری دا کە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی و هەڕەشەکردن لە گەلی ئێران پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری پاپا لیۆی چواردەیەم (پاپای ڤاتیکان)، بڵاوی کردەوە،"زۆرینەی خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەو جەنگەی دژی ئێران، جەنگێکی نادادپەروەرانەیە."

پاپای ڤاتیکان ئاماژەی بەوە دا، کە ئەو هەڕەشە بەردەوامانەی ئاراستەی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی ئێران دەکرێن، بە هەموو پێوەرێک "قبووڵنەکراون".

هاوکات داوای لە جیهان کرد کە بە قووڵی بیر لە چارەنووسی قوربانییە بێتاوانەکان بکەنەوە، بە تایبەتی ئەو منداڵانەی کە لە ئەنجامی ئەم پەرەسەندنە سەربازییانەدا گیانیان لەدەست دەدەن و دەبنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان.

پاپای ڤاتیکان داوای لە سەرجەم گەلانی جیهان کرد کە لەگەڵ نوێنەرە سیاسییەکانی وڵاتەکانیان پەیوەندی بکەن و گوشار دروست بکەن بۆ ئەوەی کار بۆ چەسپاندنی ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی جەنگ بکرێت.

هەروەها پاپا جەختی لەوە کردەوە کە ئەنجامدانی هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی (وەک وێستگەکانی کارەبا، پردەکان و تۆڕەکانی ئاو) پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و کارەساتێکی مرۆیی گەورە لە ناوچەکەدا دەخوڵقێنێت.

ئەم هۆشدارییەی پاپای ڤاتیکان، لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، گوتووبووی: "ئەمشەو شارستانییەتێکی تەواو دەمرێت و هەرگیز ناگەڕێتەوە؛ من ئەمەم ناوێت، بەڵام پێدەچێت رووبدات".