لیندزی گراهام: دەبێت پێشنیازە 10 خاڵییەکەی ئێران رەوانەی کۆنگرێس بکرێت
لیندزی گراهام، هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەست و ئامادەکارییەکان بۆ دانوستانی راستەوخۆ لە ئیسلام ئاباد، هێڵە سوورەکانی خۆی بۆ هەر رێککەوتنێکی داهاتوو لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت تاران وەک "براوەی جەنگ" مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ئەویش وەک هەمووان هیوای وایە سەردەمی ئێران لە رێگەی دیپلۆماسییەتەوە کۆتایی بێت، بەڵام پێویستە جیهان لەبیر نەکات کە ئێران گەرووی هورمزی داخست و ئازادیی کەشتیوانیی تێکدا. جەختی کردەوە: "پێویستە رێگری بکرێت لەوەی ئێران پاداشت بکرێت لە بەرانبەر ئەو کارە دوژمنکارانەیەی کە دژی جیهان ئەنجامی دان."
لیندزی گراهام رایگەیاند، کە لە روانگەی ئەوەوە دەبێت نزیکەی 900 پاوەند (نزیکەی 408 کیلۆگرام) لەو یۆرانیۆمەی کە ئێران بە ئاستێکی بەرز پیتاندوویەتی، لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادا بێت و لە ناو خاکی ئێران دەربکرێت. گراهام ئەمەی بە "مۆدێلی لیبیا" ناوزەند کرد (کە ئاماژەیە بۆ داماڵینی تەواوەتیی وڵات لە توانای ئەتۆمی) تاوەکوو رێگری بکرێت لەوەی ئێران لە داهاتوودا بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات یان بگەڕێتەوە سەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی.
سەبارەت بە پێشنیازە 10 خاڵییەکەی ئێران کە ترەمپ باسی کردبوو، گراهام گوتی: "چاوەڕێی ئەوە دەکەم لە کاتێکی گونجاودا پێداچوونەوە بەو پێشنیازانەدا بکەم، بەڵام مەرجێکی تریشی بۆ حکوومەتی وڵاتەکەی دانا و داوای کرد کە دەبێت هەر رێککەوتنێک لەگەڵ تاران بکرێت، رەوانەی کۆنگرێسی ئەمریکا بکرێت بۆ دەنگدان، هاوشێوەی ئەوەی لە سەردەمی ئۆباما لەگەڵ رێککەوتنی (JCPOA) ئەنجامدرا.