مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکانیان راگرت
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە کۆمەڵێک لە گرووپە چەکدارە شیعەکان لەخۆدەگرێت، بە فەرمی راگرتنی سەرجەم هێرشەکانی لە ناوخۆی عێراق و ناوچەکەدا راگەیاند.
چوارچیوەی گرووپە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری راگرتنی چالاکییە سەربازییەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت. لە بەیاننامەکەدا وردەکاری زیاتر سەبارەت بە سروشتی ئەم بڕیارە یان سنووری جێبەجێکردنی نەخراوەتەڕوو.
ئەم هەنگاوەی گرووپە عێراقییەکان دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاگربەستی کاتی دێت لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران. رێککەوتنەکە کە بە نێوەندگیریی وڵاتی پاکستان ئەنجامدراوە، بۆ ماوەی دوو هەفتە دەبێت و بڕگەکانی بریتین لە راگرتنی هێرشە یەکترییەکان و دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی ئاسایی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.
هاوکات، هەندێک لە راپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئیسرائیلیش رەزامەندی نیشان داوە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.