پێگەی واینت: رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش دەگرێتەوە

ماڵپەڕی "واینت"ی ئیسرائیلی، لە زاری سەرچاوە باڵا ئەمنییەکانی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، ئەو رێککەوتنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران هاتۆتە ئاراوە، راگرتنی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنانیش دەگرێتەوە.

ماڵپەڕە عیبرانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ئاگربەستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، خاکی لوبنانیش دەگرێتەوە؛ ئەمەش بەو مانایەی کە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی رادەگرن و لە بەرامبەردا ئێران گەرووی هورمز بەڕووی هاتوچۆدا دەکاتەوە.

پێشتر، دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی دەربڕیبوو لەسەر راگرتنی بۆردومانکردنی ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە و جەختی کردەوە، ئاگربەستەکە بە شێوەیەکی دوولایەنە دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، تاران رۆژی هەینی، 10ـی نیسان، لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەست بە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا دەکات. ئێران ماوەی دوو هەفتەی بۆ تەواوی پرۆسەی دانوستانەکان دیاری کردووە، کە بڕیارە لەو ماوەیەدا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست.

لای خۆیەوەنووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئێران بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئیسرائیل پشتیوانی لە بڕیارەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە، بەڵام ئەم پشتیوانییە چەند مەرجێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت.

مەرجەکانی ئیسرائیل بۆ ئاگربەستەکە:
1- پێویستە ئێران دەستبەجێ گەرووە نێودەوڵەتییەکان'رێڕەوە دەریاییەکان' بکاتەوە.
2- راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە، هاوڕایە لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دڵنیابوون لەوەی، چیتر ئێران مەترسی نەبێت لەسەر ئاستی ئەتۆمی، مووشەکی و پاڵپشتیکردنی تیرۆر بۆ سەر ئەمریکا، ئیسرائیل، دراوسێ عەرەبەکان و جیهان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئیسرائیلی راگەیاندووە؛  پابەندە بە بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە لە دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی داهاتوودا، کە ئامانجی هاوبەشی ئەمریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانە ناوچەییەکانە.نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل روونی کردووەتەوە ئەم راگرتنی هێرشانە بۆ ماوەی دوو هەفتە تەنیا پەیوەستە بە ئێرانەوە و لوبنان ناگرێتەوە.