ترەمپ: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو "سەردەمێکی زێڕین" هەنگاو دەنێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال" گەشبینی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی گشتگیر لە ناوچەکە دەربڕی و رایگەیاند؛ "رۆژێکی گەورە بۆ ئاشتیی جیهانی" لە رێگەیە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لە بارودۆخی ئێستا بێزارن و خوازیاری گۆڕانکارین.
راشیگەیاند؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی کارا بەشدار دەبێت لە رێکخستنی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو شتێک بە ئارامی و بەبێ گرفت بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر رەهەندە ئابوورییەکانی ئەم قۆناخە نوێیە کردەوە و گوتی: "ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی دروستبوونی سەرمایەیەکی گەورە و دەرفەت دەدەنە ئێران تا دەست بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە بکاتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا لە رێگەی دابینکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکان و چاودێریکردنی بارودۆخەکە، هاوکار دەبێت لە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ بەراوردی دۆخی ئێستای ئەمریکای کرد لەگەڵ ناوچەکە و رایگەیاند: "زۆر دڵنیام کە ئەمە دەکرێت ببێتە 'سەردەمی زێڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست'، رێک وەک ئەو گەشەیەی ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەزموونی دەکەین."