سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل: ناتانیاهۆ شکستی ستراتیژی بۆ ئیسرائیل خولقاندووە

یائیر لابید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل
یائیر لابید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل

یائیر لابید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل، هێرشێی کردە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی و تۆمەتباری کرد بەوەی بووەتە هۆی دروستبوونی کارەساتی سیاسی لە مێژووی ئیسرائیلدا و شکستی ستراتیژی گەورەی بەسەر وڵاتەکەدا هێناوە.

لابید لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "ئیسرائیل تەنانەت لە کاتی دەرکردنی ئەو بڕیارانەشدا کە پەیوەندییان بە جەوهەری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەوە هەبووە، ئامادەیی نەبووە." ناوبراو لە کاتێکدا ستایشی ئەدای سوپا و خۆڕاگری گەلی ئیسرائیلی کرد، هاوکات ناتانیاهۆی بەوە تۆمەتبار کرد، نەیتوانیوە هیچ کام لەو ئامانجانە بپێکێت کە خۆی دیاریی کردبوون.

سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، ناتانیاهۆ بەهۆی "لووتبەرزی، کەمتەرخەمی و نەبوونی پلانی ستراتیژی"، زیانێکی سیاسی و ستراتیژی ئەوتۆی گەیاندووە کە چاککردنەوەیان ساڵانێکی زۆری دەوێت.

ئەم لێدوانانەی لابید دوای ئەوە دێن، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، ئێران رایگەیاند؛ ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرەتایی پێشنیازێکی 10 خاڵی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ قبوڵ کردووە. ئەم رەزامەندییە تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بۆردومانکردنی ژێرخانی ئێران دیاریی کردبوو.

ئەم رێککەوتنە دوای پێنج هەفتە لە جەنگێکی سەخت لە نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە دێت، کە لە 28ـی شوباتی 2026 دەستی پێکردبوو. جەنگەکە بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و وێرانبوونی ژێرخانی گرنگ، جگە لە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی ئەو وڵاتە.

سەرەڕای ئەوەی بەرپرسە ئەمنییە باڵاکان و شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئاگربەستەکە لوبنانیش دەگرێتەوە، بەڵام نووسینگەی ناتانیاهۆ بە فەرمی ئەوەی رەتکردەوە کە رێککەوتنەکە لوبنان بگرێتەوە.

بڕیارە رۆژی هەینی، بە چاودێری دەوڵەتی پاکستان، دانوستانە وردەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لە شاری ئیسلام ئاباد دەست پێبکەن.