ئێران و زیانە شاراوەکان

راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و لێکۆڵینەوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کۆماری ئیسلامی ئێران چووەتە قۆناخێکی "کەمکردنەوەی پەرەسەندن" (De-escalation)، بەڵام ئەم هەنگاوە نەک لە پێگەی هێزەوە، بەڵکو وەک دەرەنجامی ئەو زیانە کوشندانە دێت کە بەر ژێرخانی ستراتیجی و توانا سەربازییەکانی کەوتووە.

بەگوێرەی خەمڵاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کە لە کۆتایی مانگی رابردوودا بڵاوکراونەتەوە، واشنتن توانیویەتی نزیکەی یەک لەسەر سێی جبەخانەی مووشەکی ئێران لەناو ببات. سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" رایانگەیاندووە کە بەشێکی زۆری ئەو مووشەکانەی ماونەتەوە، چارەنووسیان نادیارە؛ یان لەناو تونێلەکاندا نێژراون یان بەهۆی هێرشەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە و لەکار کەوتوون.

دۆخەکە بۆ بەرنامەی درۆنەکانیش بە هەمان شێوەیە، تێیدا یەک لەسەر سێی تواناکانی ئەو بەشە تێکشکێنراون. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) پشتڕاستی کردەوە، لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە 13 هەزار شوێنی سەربازیی ئێرانییان کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی لەناوبردنی سەدا66ـی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆن.

راپۆرتەکان ئاشکرای دەکەن، نزیکەی سەدا92ـی کەشتییە جەنگییە گەورەکانی هێزی دەریایی ئێران نوقم کراون، ئەمەش کاریگەرییەکی قووڵی کردووەتە سەر هەژموونی دەریایی تاران لە ناوچەکەدا.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو تۆڕە میلیشیاییەی ئێران لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوودا لە ناوچەکە سازی کردبوو، رووبەڕووی داڕمان بووەتەوە. لێکۆڵینەوەکانی رۆیتەرز دەریانخستووە،  کوشتنی سەرکردە دیارەکان، پەککەوتنی هێڵەکانی گواستنەوەی چەک و لەدەستدانی بنکە گرنگەکان لە سووریا، یەکگرتوویی ئەو گرووپانەی لەناو بردووە. ئێستا زۆربەی سەرکردەی ئەم لایەنانە لەبری شەڕ، بەرەو چالاکی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان هەنگاو دەنێن.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاماژە بەوە دەکات، ئێران بەشێک لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکاندا شاردووەتەوە. بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆیتەرز رایگەیاند؛ چیتر نیگەرانی ئەو 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمە نییە کە بۆ ئاستی سەدا60 پیتێنراوە. ترەمپ گوتی: "ئێمە هەمیشە لە رێگەی مانگی دەستکردەوە چاودێرییان دەکەین و بابەتەکە چارەسەر کراوە."

هەموو ئەم ئاماژانە دەریدەخەن، ئێران بەهۆی فشارە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دووچاری پاشەکشەیەکی گەورە بووە. تاران هەرچەندە هێشتا هەندێک توانای ماوە، بەڵام کاریگەرییەکەی وەک پێشوو نەماوە و ئێستا لە ژێر فشارێکی توندی نێودەوڵەتیدایە بۆ رێگریکردن لە هەر پەرەسەندنێکی نوێ کە رەنگە ببێتە هۆی لەناوبردنی تەواوەتی ئەو پاشماوە سەربازییەی کە بۆی ماوەتەوە.