وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین: بەهۆی هێرشی درۆنیی ئێرانەوە دوو هاووڵاتی بریندار بوون
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین برینداربوونی دوو هاووڵاتی و زیان گەیشتن بە چەندین ماڵی بەهۆی کەوتنی پاشماوەی درۆنێکی تێکشکێندراوی ئێرانی راگەیاند، هاوکات دوای دوو جار راگرتنی کاتی، جارێکی دیکە هاتوچۆ لەسەر پردی مەلیک فەهد لە نێوان سعوودیە و بەحرەین ئاسایی بووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین رایگەیاند، بەهۆی کەوتنی پارچەی درۆنێکی ئێرانی کە لە ئاسماندا تێکشکێندراوە، دوو هاووڵاتی بە سووکی بریندار بوون و زیان بە ژمارەیەک ماڵ لە ناوچەی "ستره" گەیشتووە. وەزارەتەکە ئەو هێرشەی بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرای ئێران" ناوبرد.
لە لایەکی دیکەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی لە بەحرەین توانییان ئاگرێک لە یەکێک لەو دامەزراوانە کۆنترۆڵ بکەن کە کرابووە ئامانجی هێرشەکان، بەبێ ئەوەی هیچ بریندارێکی لێ بکەوێتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانە، دامەزراوەی گشتی پردی مەلیک فەهد بڵاویکردەوە، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەسەر پردەکە کە سعودیە و بەحرەین بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەستیپێکردووەتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە بەهۆی هۆشدارییەکانی "سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە" لە ناوچەی رۆژهەڵاتی سعودیە، بۆ دوو جار هاتوچۆ لەسەر پردەکە وەک رێکارێکی خۆپارێزی راگیرابوو.
باکگراوەندی رووداوەکان:
ئەم ئاڵۆزییانەی بەحرەین لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە رەزامەندی لەسەر ئاگربەستێکی 2 هەفتەیی لەگەڵ ئێران نیشانداوە، بەو مەرجەی گەرووی هورمز بە ئارامی بکرێتەوە. ئەم بڕیارەش بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 100 دۆلار و پاشەکشەی نرخی گەنم بە رێژەی 3%.
سەرەڕای ئەوەی بەریتانیا پێشوازی لە ئاگربەستەکە کردووە و کیر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بڕیارە سەردانی ناوچەکە بکات، بەڵام لە ناوخۆی ئیسرائیل یائیر لەپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن رەخنەی توند لە رێککەوتنەکە دەگرێت و بە "کارەساتێکی سیاسی" بۆ حکومەتەکەی نەتانیاهۆ وەسفی دەکات.